مەحما خەلیل: کەمپەکان لەژێر کۆنتڕۆڵدان و مەترسیی کۆرۆنایان لەسەر نییە
دهۆک-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆک چواردە کەمپی تایبەت بە ئاوارەکانی شنگال ھەن و قایمقامی شنگالیش دەڵێ، ڕێنماییەکانی خۆپارێزی تێیاندا جێبەجێ دەکرێن و لەژێر کۆنتڕۆڵدان.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لەبارەی کەمپی ئاوارەکانەوە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکرێن، لەوانەش کەمکردنەوەی دەرچوون و سەردانی کەمپەکان، ئەوەش بڕیارێکی باشە بۆ ئەوەی دوور بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا."
قایمقامی شنگال دەڵێت: "چواردە کەمپی ئاوارەکانی کوردی ئێزدی ھەنە و ھەمووشیان لەژێر کۆنتڕۆڵدان و ھیچ مەترسییەکی کۆرۆنایان لەسەر نییە، چونکە سنووری پارێزگای دھۆک بەگشتی ھێشتا مەترسیی لەسەر نییە."
مەحما خەلیل گوتیشی: "ئیدارەی پارێزگای دھۆک بەتەواوی ھاوکاریی کەمپەکانی سنوورەکە دەکات و ھەموو ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لەسەریان جێبەجێ دەکرێت، ھاووڵاتیانی نێو کەمپەکان دڵنیا دەکەینەوە، پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێم بن، ھیچ مەترسییان لەسەر نییە."
قائید میرۆ