هەواڵی کوردستان ئێستا

سەندیکای ئابووریناسان: حکوومەتی ھەرێم دەیەوێ دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی بچەسپێنێت

سەندیکای ئابووریناسان: حکوومەتی ھەرێم دەیەوێ دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی بچەسپێنێت
سەندیکای ئابووریناسان: حکوومەتی ھەرێم دەیەوێ دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی بچەسپێنێت

2019-12-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- پڕۆژەیاسای چاکسازی ھیوایەکی بەخشیوە بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و ئەندامێکی ئەنجومەنی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستانیش دەڵێ، پڕۆژەی چاکسازی کە حکوومەت ئێستا دەستی داوەتێ، کێشە و گرفتە ئابوورییەکان چارەسەر دەکات و داھاتێکی زۆریش دەگەڕێنێتەوە.

شەمال نووری، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی چاکسازی، پڕۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستە ھەموو حکوومەتێک بە گرینگییەوە بەردەوامیی پێ بدات، واتە ھیچ وڵات و میللەتێک دژی پڕۆسەی چاکسازی نییە، بەتایبەتی ئەم چاکسازییەی ئێستا پەیامێکی ھەیە، ئەویش چەسپاندنی دادپەروەری و کەمکردنەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتییە لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ھەندێ بواری وەک کەمکردنەوەی مووچەی پلە باڵاکان و نەھێشتنی پلە بەرزکردنەوەی نایاسایی، کە ئەمە ھەنگاوێکی باشە بۆ گەڕانەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش."

ئەو ئابووریناسە گوتیشی: "ئەرکی پەرلەمانتارانە، هۆشیارییەکی زیاتر بدەنە ھاووڵاتیان و فەرمانبەران بۆ دڵنیاکردنەوەیان لە پڕۆژەکە، چونکە کاتێک چاکسازی دەکرێت لە بەرژەوەندیی زۆر کەسیش دەدرێت، ئەوانەی بە نایاسایی کێشە و گرفتیان ھەیە،  دەبێ ئەو لایەنە سەرەکییانەی حکوومەتیان پێک ھێناوە، کۆدەنگ بن لەسەر پڕۆژە یاسای چاکسازی.

نووری ڕوونی کردەوە: "کابینەی  ئێستای حکومەتی ھەرێمی کوردستان درووشمی چاکسازیی ھەڵگرتووە و ھەنگاوی دیکەش لە ڕووی ئەنجامدانی چاکسازی بەدوایدا دێت، ئەمەی ئێستا ھەیە تەنیا چاکسازییە لە مووچە و خانەنشینی و ھەندێ بابەتی دیکەی وەک مووچەی پلە باڵاکان."

شەمال نووری جەختی کردەوە: "پڕۆسەی چاکسازی پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەھێز هەیە و جێبەجێکردنی گرینگترە لە دەرکردنی یاساکە، پێم وابێت پڕۆژەی چاکسازی کە حکوومەت ئێستا دەستی داوەتێ کێشە و گرفتە ئابوورییەکان چارەسەر دەکات و داھاتێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە، کە دواجار لە خزمەتگوزاری دیکەدا بەکار دێت، وەک ڕەخساندنی دەرفەتی ھەلی کار و بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینی و چەندین کەلێنی دیکەش پڕ دەکاتەوە."

قائید میرۆ