هەواڵی کوردستان ئێستا

"نرخی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە ئەھلییەکان ٢٥% داشکێندرا"

"نرخی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە ئەھلییەکان ٢٥% داشکێندرا"

2020-03-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info - حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نرخی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتی داشکاند و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش ئاشکرای کرد، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان دەرکراوە.

دکتۆر محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەپێناو سەمەلاتیی ھاووڵاتیانی خۆشەویست، وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک بەشی لە نەخۆشخانە حکوومیەکان داخست و داواش لە ھاووڵاتیان دەکەین تا بکرێت سەردانی نەخۆشخانە گشتییەکان، واتە سەر بە حکوومەت نەکەن، لەبەر ئەوەی نەخۆشخانەکان ھۆکارن بۆ گواستنەوەوەی ڤایرۆس."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "تا نەخۆشخانەکان ئەھلیەکان کەڵک لەو بڕیارەی حکوومەت وەرنەگرن و نرخ بەرز نەکرێتەوە، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داوە نرخی ھەموو خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان ٢٥% کەم بکرێتەوە."

دکتۆر محەمەد قادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر ھاووڵاتی ناچار بوون ڕوو لە نەخۆشخانەی ئەھلی بکەن، ئەوە نرخەکانیان داشکێندراوە. بەھۆی تێچووی خزمەتگوزارییەکانەوە وەزارەت نەیتوانی بە یەکجاری چارەسەرکردن لە کەرتی ئەھلی بکاتە بێبەرامبەر."

قائید میرۆ