فەرماندەی پاسەوانی: سنوورەكان بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كراون
هەولێر-KDP.info- فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سەر سنوور رایگەیاند، خەڵكانێك دەیاونویست بە قاچاغ بێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە لە دەرەوەی وڵات بوون بۆ ئەوەی كەرنتین نەكرێن، بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا توانرا سنوور بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت و لە ئێستاشدا رێگە بە كەس نادیرێت بە قاچاغ بێتە هەرێمی كوردستان.
عەمید حەماد دزەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت لە وڵاتی ئێران، خەڵكانێك دەیانویست بۆ ئەوەی كەرنتین نەكرێن لە رێگەی قاچاغەوە بێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا توانیمان سنوور بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكەین و رێگە بە هیچ كەسێك نادرێت بێتە هەرێمی كوردستان و سنوورەكان داخراون".
دزەیی گوتیشی: "هەر كەسێك ویستبێتی بە قاچاغ بێت بۆ هەرێمی كوردستان، رێگریمان لێ كردووە و هەموو رێوشوێنێكیشمان گرتووەتە بەر، بەڵام هیچ كەسێكمان دەستگیر نەكردووە و تەنها گەڕاندوومانەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی سنووری فەرمییەوە بگەڕێنەوە و كەرنتین بكرێن تا هەر كەسێك هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت".
بڵند ئیبراهیم