هەواڵی کوردستان ئێستا

کوردستان له‌به‌رده‌م ئاماده‌كاریی ته‌واوی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنادایه‌

کوردستان له‌به‌رده‌م ئاماده‌كاریی ته‌واوی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنادایه‌
کوردستان له‌به‌رده‌م ئاماده‌كاریی ته‌واوی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنادایه‌

2020-03-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر  -KDP.info- هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رووی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ دێت كه‌ ئاماده‌كاریی بۆ ڕێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا كردووه‌ و په‌رله‌مان و حكوومه‌تیش داوای ڕێكاری توندتر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌كه‌ن.

له‌ هه‌رێمی كوردستان 28 حاڵه‌تی كۆرۆنا تۆمار كراوه‌. ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشگرتن بە ‌بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا زۆر باشن، به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رووی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و باره‌وه‌ ئاماده‌كاریی كردووه‌ و ڕێكاری باشی گرتووه‌ته‌ به‌ر. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێكاره‌كان بریتین له‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ناوشار و ده‌ره‌وه‌ی شار, كه‌ره‌نتینه‌كردنی ئه‌و گومانلێكراوانه‌ی كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان و گومانلێكراون له‌ به‌ركه‌وته‌ی نه‌خۆش و ئاماده‌كاری بۆ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت و ڕێكخستنی سیسته‌می نه‌خۆشخانه‌كان بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری و داخستنی ده‌وامی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت.

د. سه‌باح زێباری، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ‌په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "نه‌خۆشیی كۆرۆنا زوو بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌رجه‌م تاكی كۆمه‌ڵگا، بۆیه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان ڕێنماییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌ جێگای ده‌ستخۆشین بۆ ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ جێبەجێیان كردووە‌، ئێستا ئه‌وه‌ی گرنگە ئەوەیە کە‌ خه‌ڵک پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن و ئەوەش سوودی بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت".

سه‌رۆكی لێژنه‌ی ته‌ندروستیی ‌په‌رله‌مانی كوردستان گوتیشی: "تاكه‌ چاره‌سه‌ری ڕێگری له‌و نه‌خۆشییه‌ كه‌ هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌ پارێزگاریكردن له ‌خۆت و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ركه‌وتن لەگەڵ خەڵکە‌ و ئەوە ئێستا له‌ هه‌موو جیهان بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و ده‌بێ خۆمان بپارێزن".

د. سه‌باح زێباری ڕایشیگه‌یاند: 'له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا ڕێكاری نوێتر بۆ خۆپارێزی ده‌گیرێته‌به‌ر و به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كان ڕێكاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئاستێكی زۆر به‌رزدا بووه‌ ".

د. محه‌مه‌د قادر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌ ئه‌نجامی داوه،‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری و كه‌ره‌نتینه‌كردنی به‌ركه‌وتووان و ڕێكاری توند له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان و داخستنی سه‌رجه‌م شوێنه‌ قه‌ره‌باڵخییه‌كان. جیا له‌وه‌ش، كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كان، ئه‌مانه‌ وای كردووه‌ كه‌ دڵخۆشییه‌ك هه‌بێت بۆ ئەوەی نه‌خۆشییه‌كه‌ سنووردار بێت، به‌ڵام قۆناغی گرنگ له‌به‌رده‌م خه‌ڵك و حكوومه‌ت ماوه،‌ ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ڕێنماییه‌ پزیشكییه‌كان، له‌وانه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغی و به‌كارهێنانی ماسك و ده‌مامك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ".

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی گوتیشی: "له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی قسه‌مان كردووه،‌ كه‌ ئه‌وه‌ی پێویست بێت بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ دابین بكرێت، چه‌ندی دیكه‌ پێویستی هه‌بێت له‌و باره‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌ پزیشكی زیاتر و كردنه‌وه‌ی به‌شی نوێ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان".

د. محه‌مه‌د قادر ڕایشیگه‌یاند: 'له‌پێناوی سه‌لامه‌تیی گیانی خه‌ڵك، نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان ڕێكاره‌كانیان توندوتۆڵ كردووه‌ته‌وه‌ و به‌شێك له‌ به‌شه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ حكوومیه‌كان داخراون، ئه‌وانه‌ی به‌شی ساردیان پێ ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وته‌ی خه‌ڵك زۆر نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ 24 كاتژمێر تیمه‌كانی ته‌ندروستی له‌ ئاماده‌باشیدان".

هه‌ر له‌م بارەیەوه‌، د. دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پێمان باشه‌ هاووڵاتیان هاوکارمان بن بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌كان، ده‌بێ پاكوخاوێنی ڕابگرن، ده‌ستیان بشۆن و كۆنتاكت ڕابگرن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له ‌ده‌ره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ نه‌خۆشی بكه‌ن، په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌ 122 بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش، هه‌ست ده‌كرێت هاووڵاتیان باش پابه‌ندی به‌رێنماییه‌كانن".

د. دلۆڤان محه‌مه‌د گوتیشی: "تا ئێستا ڕێنماییه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ن و نه‌خۆشییه‌كه‌ كۆنترۆڵ نه‌كراوه،‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاووڵاتیان پابه‌ند بن، ده‌چینه‌ قۆناغی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر ڕایشیگه‌یاند: 'تا ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ وڵاتان به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیشی هەر به‌رده‌وام ده‌بێت."

د. دلۆڤان محه‌مه‌د ده‌شڵێت: "له‌گه‌ڵ خۆبه‌خشان قسه‌مان كردووه‌ تا ئه‌گه‌ر پێویستیمان بێت داوایان لێ بكه‌ن هاوكاریمان بكه‌ن و ئاماده‌كاری كراوه‌ کە خوانه‌خواسته‌ ڤایرۆسەکە زیادی كرد به‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌ین".

کارزان هەورامی