هەواڵی کوردستان ئێستا

"کریستیانەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە دەشتی نەینەوا"

"کریستیانەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە دەشتی نەینەوا"

2020-03-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر -KDP.imfo -  لەگەل ھاتنی ھێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر مووسڵ نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی کریستیانی دەشتی نەینەوا ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون. وەک سەرکردەیەکی کریستیانیش ئاشکرای کرد، ھێشتا ھەزاران ئاوارەی کریستیان لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و ئامادەی گەڕانەوە نین.

یونادم کەننا، سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافیدەین لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری خێزانە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانیان و تا ئاسایش بەرقەرار نەبێت ئاوارە کریستیانەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵوحالی خۆیان، بۆ نموونە لە ھەندێ ناوچەی وەک حەمدانیە ٧٠%ی خەڵک گەڕاونەتەوە، بەڵام ھەندێ ناوچەی دیکەی وەک شارەدێی بەرتللە ھەن، کە ھێشتا نیوەی زیاتری کریستیانەکان نەگەڕاونەتەوە."

سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافیدەین دەشڵێت: "سەرەڕای ئاڵۆزیی ڕەوشی ئەمنی لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ھێشتا خزمەتگوزاری وەک پێویست دابین نەکراون و دەرفەتی کار بەردەست نییە، لەبەر ئەوە ئەگەر حکوومەتی عێراق کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ناوچەکە نەکات خەڵکی چۆن بگەڕێنەوە."

یونادم کەنا جەختی کردەوە: "ئاماری فەرمیی لەبەردەست نییە لەبارەی ئاوارە نەگەڕاوەکانی کریستیان، بەڵام زیاتر لە ١٠ھەزار خێزانی کریستیانی دەشتی نەینەوا ھێشتا لە ھەرێمی کوردستان ماون و ئامادە نین بگەڕێنەوە، چونکە لێرە مەبەستم لە ھەرێمی کوردستان ئاوارەکان زیاتر کار دەکەن و سەرچاوەی ژیانیان تا ڕادەیەک گەرەنتی کراوە."

قائید میرۆ