هەواڵی کوردستان ئێستا

"ھەولێرییەکان خۆشحاڵن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا"

"ھەولێرییەکان خۆشحاڵن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا"

2020-03-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  هاووڵاتیانی شاری ھەولێر لەگەڵ درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆن لەنێو شاردا و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دەرنەچوونی هاووڵاتیان لە ماڵەکانیان دەبێتە ھۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

پارێزەر ئارام گەردی، دانیشتووی شاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە ھەموو ئەو بڕیارانەی بۆ خۆپارێزی لەلایەن حکوومەتەوە دەرکراون لەسەر بنەمای زانستی بووە و ڕاوێژ بە کەسانی پسپۆڕ کراوە، بەپێی یاسای بەرکاریش ھەرکەسێک سەرپێچی بکات، ئەوە سزای یاسایی ھەیە، چونکە نابێت مرۆڤ ببێتە ھۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ھەندێک جار سزای تۆمەتبار دەگاتە سێ ساڵ زیندانیکردن."

ئەو پارێزەرە دەڵێت: "من لەگەڵ ئەوەدام قەدەخەی ھاتوچۆ بەردەوام بێت و درێژ بکرێتەوە، چونکە ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بەڵام لە ھەندێ ڕووەوە ئاسانکاری بکرێت، لەوانەش کەلوپەلی ڕۆژانەی وەک نان بۆ هاووڵاتیان بەردەست بێت و، ڕێگە نەدرێ کەس بەبێ کاری زۆر پێویست لە ماڵەکەی دەربچێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو لە وڵاتی چین دەرکەوت و دواتر زۆربەی وڵاتانی جیھانی گرتەوە، بەڵام وڵاتی چین خۆی توانی بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەر کەوێت و ئێستا خەریکە لە چین بە یەکجاری کۆتاییی دێت.

عوسمان سەبری، کە پیشەی سەرتاشە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بێ ئەوەی حکوومەت بڕیار بدات، خۆم دووکانەکەم داخستووە، چونکە ئەو شوێنانە وەک باس دەکرێت ھۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی ڤارۆسی کۆرۆنا و تا کۆرۆنا مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان ھەبێت، من ئامادە نیم دووکانەکەم بکەمەوە، لەبەر ئەوەش، لەگەڵ بڕیارەکانی حکوومەتم بۆ خۆپارێزی و پێویستە ھەموو پابەند بین."

کاوە ئیراھیم، مامۆستایەکی شاری ھەولێرە و  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموویان جێگەی دەستخۆشین، بەتایبەتی قەدەخەی ھاتوچۆ، ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئومێدی بە ئێمە بەخشیوە بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان لێی دەرچین، چونکە ھەموو بڕیار و ڕێکارەکان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی خۆشەویستە."

مامۆستا کاوە ئیبراھیم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "هاووڵاتیانیش تا ڕادەیەکی زۆر پابەندی ڕێنمایەکانن بۆ خۆپارێزی و پێویستە زیاتر ھاوکاریی دەزگە پەیوەندارەکان بن، پێم وابێت بڕیاری قەدەخەی ھاتوچۆ باشترین بیرۆکەیە تا ھەموومان ھاوکار بین لە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا."

دکتۆر فەیسەڵ بلباس، لەبارەی خۆپارێزییەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "کۆرۆنا ھێشتا چارەسەری نییە، بەڵام خۆپارێزیی هاووڵاتیان یەکێکە لە ڕێگاکان بۆ ئەوەی مرۆڤ تووشی ڤایرۆسەکە نەبێت، من داوا لە هاووڵاتیان دەکەم تا بکرێت ڕێنماییەکانی حکوومەت جێبەجێ بکەن و خۆیان بپارێزن و لە ماڵەکانیان دەرنەکەون.

قائید میرۆ