کەنەدا داوا لە هاوولاتییانی دەکات ئۆکراینا جێبهێڵن
دیجیتال میدیای سپێده
بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی رووسیا لەسەر ئۆکراینا، کەنەدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئۆکراینا جێبهێڵن.
لەوبارەیەشەوە وەزیری دەرەوەی کەنەدا، مێلانی جۆلی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە: "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە نزیکەوە چاودێری رەوشەکە دەکەین و لە هەماهەنگیداین. داواش لە هەموو هاووڵاتییانی کەنەدا دەکەین بەزووترین کات ئۆکراینا جێبهێڵن".
جۆلی نوسیویەتی: "بەهۆی بەردەوامی هەڕەشەکانی رووسیا لە یەکی شوباتەوە تا ئێستا و مەترسی روودانی شەڕ و پێکدادان، داوا لە هاووڵاتییانی کەنەدا دەکەم خۆیان بەدوور بگرن لە ئەنجامدانی هەر گەشتێک بۆ ئۆکراینا. بەهەمان شێوە داوا لە هاووڵاتییە کەنەدییەکانی ئۆکراینا دەکەم تا رێگا هەیە لەو وڵاتە بچنەدەر. کاری لەپێشینەی ئێمە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییە کەنەدییەکانە".
وەزیری دەرەوەی کەنەدا ئەوەشی وەبیرھێناوەتەوە کە کارمەندە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی بەردەوامن لە کار کردن لە ئۆکراینا بەڵام ئەگەر ھەیە کارەکانیان بەشێوەیەکی جددی سنووردار ببێت.
لە لایەکی دیکەشەوە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، جەستین ترودۆ هۆشداری ئەوەی دایە رووسیا کە ئەنجامدانی هەر داگیرکارییەک بۆسەر ئۆکراینا، باجەکەی قورس دەبێت.