لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دوو ھەزار و ١٤کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بڵاوکردەوە کە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، دوو ھەزار و ١٤ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کە ٤٩٩یان لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و ٢٣ کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە چوار-یان لە ھەرێمی کوردستانن، ھەروەھا چوار ھەزار و ٣٢٣ کەس لە پەتاکە چاکبوونەتەوە کە ٥٨٨یان لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
ھەروەھا باس لەوەیش کراوە کە کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٢٧٣ ھەزار و ٥٣٥ کەس و لەو ژمارەیەش ٢٤ ھەزار و ٦٧٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ١٨٢ ھەزار و ٩٠٧ کەسیش چاکبوونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتە روو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، شەش ھەزار و ٣٩٣ کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەیش داوە کە تا ئێستا، نۆ ملیۆن و ٥٤٤ ھەزار و ٩٤ کەس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە