ڕەیان و دانەر ... ناوبانگ و ئازار
دیجیتال میدیای سپێده
سەرەتا سوپاس بۆ خوای گەورە كە تەرمی دانەری پەپولە دۆزرایەوە، كەمێك لەئازاری چاوەڕوانی دایكی كەم دەكاتەوە، ماوەی ٥٥ ڕۆژ چاوەڕوانی كە ھەموو كاتژمێرێكی تراژیدیەكی پڕ ئازارە بۆخۆی. من پێم وایە مەرگی دانەر زۆر پڕ ئازارتر بوو لە مەرگی ڕەیانی مەغربی، بەڵام ئەوەی ھاوسۆزی جیھانی بۆ ڕەیان دروست كرد ئەو چەند چركە ڤیدیۆیەی ناو بیرەكە بوو ڕەیانی لە بارودۆخێكی دژواری تاریكی پڕ ئازاری بێ دەسەڵاتیدا نیشان دا، ڕەیان پێنج ڕۆژ بەدەم گیان كێشانەوە بوو، چاوەڕوانی دایكیشی ھەر پێنج ڕۆژ بوو بە ئومێدی شادبونەوە، بەڵام دواجار چاوەڕوانیەكە بە مەرگێكی تراژیدی كۆتایی ھات و گۆڕێك بۆ ڕەیان دروست كرا.
ئەگەر مەرگی دانەر بكەیت زۆر تڕاژیدی ترە، بەڵام جگە لەچارەكێكی كورد ھیچ كەس شتێك نازانێت تا ھاوسۆزی بێت.
باوكێك لەبەردەم شەپۆلێكی توڕەی لافاوی سوری پڕ قوڕ و لیتە مناڵەكەی لێ دەكەوێتە ناو لافاوەكە« بیربكەنەوە ئەگەر كامێرەیەك ھەبوایە ئێستا گەیشتبوە ھەموو جیھان».
پاش شوێبزربونی مناڵێكی بێزمانی ناسكی وەك دانەر دایكی ٥٥ ڕۆژ حەسرەت ئەكێشێ، حەسرەتی مەرگ و حەسرەتی چۆنێتی مەرگ و حەسرەتی نەدۆزینەوەی. «ئەوە تەنھا بەدەم ئاسانە».
بەڵام ئەم حەسرەت و ئازارە لەڕوی ھاوسۆزی خەڵكەوە زۆر سنوردارە، چونكە ئیعلام ڕۆڵی لاوازە.
من دایكی دانەرم بینی بەدیار كەچكی شۆفێڵێكەوە وەستابوو دوعا و نزا بەڵكو پارچەیەك جلی دانەر، یان تەرمەكەی یان بەشێك لە جەستەی لەگەڵ گڵەكە بێتە خوارەوە. توخوا ئازار لەمە گەورەتر و وێنە لەمە تراژیدیتر ھەیە؟ بەڵام چونكە ئیعلام لاوازە كەس ئەم وێنەیە نابینێ.
ئیتر ئەم نمونەیە وەربگرە بۆ ھەموو نمونەی ئەو مردن و مەرگانەی تر كە لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا لە ھەرێمی كوردستان ڕویداوە، كە ھەمویان ڕۆمانێكن لە تڕاژیدیا، بۆ نمونە:
١- خنكانی دایك و مناڵ لە ئیجەدا.
٢- خنكانی ژنێك و سێ مناڵ بە دوكەڵی خەڵوز لە سۆران و ژنێك و دوومناڵ لە سلێمانی بە غازی زۆپا.
٣- لەڕوداوێكی ھاتوچۆدا باوكێك سێ كوڕی لەدەستدا كە بچوكەیان نزیكەی ٢٠ ساڵ بوو.
٤- كوردێكی ڕۆژھەڵات لە خانویەكی چۆڵدا لە سلێمانی ڕەق دەبێتەوە.
٥- ژنێك بە ١٧ فیشەك دەكوژرێ.
٦- لێوە و بارانی ٢ ساڵ و ٤ ساڵ بە شۆرتی كارەبا و سوتانی ماڵیان لە غیابی دایك و باوكیاندا گیان لەدەست ئەدەن.
دەیان نمونەی مەرگی پڕ ئازار ھەیە، ئەسڵەن ئازارەكە بۆ زیندوەكانە، بۆ جەرگی سوتاوی دایك و باوكە.
ئێوە لێرەوە بیر لە جەرگی سوتاوی دایكێك بكەنەوە كە ھەموو كچ و كورەكانی ئەنفال كران، لە خوشكێك لە ژێرزەمینێكی ھەڵبجەدا دایك و باوك و خوشك و برا و مام و ئامۆژن و ئامۆزاكانی بە بەرچاویەوە ھەناسەیان لەبەر بڕا.
كوڕێكی گەنج ئەكوژرێ لەسەر فول لایتێك، مەلا ھۆشیار شەھید دەكرێ لەسەر ڕقێك! گەنجێكی بەنزینخانە بە دەمانچە مێشكی دەپڕژێت لەلایەن ماتۆرسوارێكەوە بۆ ٥٠ ھەزار، بەقاڵێك برای چەند خوشك، كوڕێكی تاقانەی دایك و باوكێك بۆ مۆبایلەكەی ڕۆحیان ئەكرێ بە قوربانی تەماعێكی بچوك، بێ ئەوەی تاوانبار بیر لەوە بكاتەوە دایكێك جەرگی دەبێت بە كەباب.
ڕاستە بكوژ سزای دواڕۆژی دۆزەخە، بەڵام ژیانی بنەماڵەیەك لەدونیادا دەكات بەدۆزەخ.
تۆ بزانی دایكی گەرمیان و باوكی ڕێژوان و ئومێد و شەھیدانی ١٧ شوبات- كە ٥ ڕۆژی تر ساڵانەیەتی- ھەرگیز مەرگی ئازیزەكانیان بیر ئەچێتەوە.؟!
توخوا ڕۆحی مرۆڤ بە گەورە سەیر بكەن، ئاھا دایك چەند ئازار ئەكێشێ، بە خوا كافریش دایكی ھەیە بۆی بگری، بە خوا ڕوسیەك و ئۆكرانیەك لەشەڕدا بكوژرێن ئەوە بزانن ئەگەر ژن و مناڵیشی نەبێت ئەوە دایكێكی ھەیە كە جەرگی دەسوتێ.
توخوا جوان و لەسەرخۆ شۆفێری بكەن جەرگی خەڵك مەسوتێنن، توخوا بەداد پەروەری حوكم بكەن لە سەرحیزب و كورسی جەرگی دایكی كورد مەسوتێنن.
مرۆڤ نەخشەی خودایە لەسەر زەوی، بڕۆ حەوتجار كەعبە بڕوخێنە ھێشتا لای خودا ئاسانترە لە كوشتنی مرۆڤێك.
سوێند بەخوا نەك بە مەرگی مرۆڤەكان بەڵكو بە مەرگی ئەو ئاسكەش خەمبار دەبم كە پڵنگێك كەڵبەكانی لە گەروی گیر دەكات و ڕۆحی لێ دەستێنێ.
ئەم ڕوداوانەی وەك ڕەیان و دانەر و ئومێد و قوربانیانی لافاو و كوشتن و ھاتوچۆ ھەمووی تراژیدیا و خەمێكی گەورەیە بۆ وڵات بەگشتی و بۆ كەس و كاری قوربانیەكە بە تایبەتی.
ئەم ڕوداوانە پێمان دەڵێن ئاخۆ چەند مرۆڤبون لە ناخماندایە.
تەنھا مرۆڤبە بەسە.