ھۆشیار زێباری: رێز لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی دەگرم
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیاری زێباری رایگەیاند کە رێز لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەگرێت لەبارەی دوورخستنەوەی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرکۆمار.
ھۆشیار زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە بۆ عێراق کە لە پێناویدا تێکۆشانمان کرد بۆ ئەوەی ببێت بە دەوڵەتی دادپەروەریی، بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی تووشی شۆکبووین کە لە مافی کاندیدبوونمان بۆ پۆستی سەرکۆمار بێ بەشی کردین".
گوتیشی: "رێز لە بڕیارەکەی باڵای فیدراڵیی دەگرین، بەڵام وەک ھاووڵاتییەکی عێراقی مافی خۆمە بڵێم ستەمم لێکراوە، جگە لەوەیش رێوشوێنە یاساییەکان و مەرجە پێویستەکان لەبارەی کاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرکۆمار تیادابوو کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پەسەندکرابوو، ھەروەھا من کەسێکی نامۆ نەبووم بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق".
ھۆشیاری زێباری ئەوەی وەبیرھێنایەوە، چوار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سکاڵایان دژبە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرکۆمار پێشکەش کردبوو و گوتی: "سەرجەم ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەمان کرابوون، یەکلایی کردەوە و بە باشی خزمەتی زۆری وڵاتمان کردووە، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی، بڕیارێکی سیاسییە و وەک ھاووڵاتیی مافی خۆمە، بۆ پۆستی سەرکۆمار خۆم کاندید بکەم".
ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، کاندیدبوونی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار رەت کردەوە.
پێشتر ھەریەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیلان غەفور ساڵح، کاروان عەل یاروەیس، کەریم شکور محەمەد، ھەروەھا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی فەتح، عەلی تورکی جەسوم لە دادگای باڵای فیدراڵیی سکاڵایان دژبە کاندیدبوونی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار تۆمار کردبوو.
رۆژی شەشی ئەم مانگەیش دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق رێوشوێنەکانی کاندیدکردنی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار، بەشێوەیەکی کاتی راگرتبوو.
پێشتریش پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ، ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید کردبوو.
ئەمەیش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی شۆباتی ٢٠٢٢، دوایین وادەیە بۆ ئەوەی کاندیدانی پۆستی سەرکۆماری عێراق سیڤی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.
بڕیاربوو، رۆژی حەوتی شوباتی ٢٠٢٢، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدرایە، بەڵام بەھۆی ئەوەی رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ دانیشتنەکە تەواونەبووە، دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا، ئەمەیش دوای ئەوەی رۆژی ٣١ی مانگی رابردوو ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناوی ٢٥ کاندیدی بۆ پۆستی سەرکۆمار کە پەسەندکرابوون، راگەیاندبوو.
ھاوکات رۆژی ھەشتی ئەم مانگە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار راگەیاندبوو.
دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، رۆژی نۆی ئەم مانگە کرابوویەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی رۆژانی ھەینی و شەممە پشووبوون، ئەمڕۆ وەک دوایین وادە دیاریکراوە بۆ ئەوەی کاندیدانی پۆستی سەرکۆماری عێراق سیڤی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانە رانەگەیاندووە کە خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ٣٧ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندیدکردووە.
ھێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاندیدێکی ھاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق رێکنەکەوتوون، بەپێی ئەو پۆستە پشکی کوردە.
بەپێی نەریتێک کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە و سەرۆکوەزیران بۆ شیعە بووە.
بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەوە دەنگی پێ بدرێت.