هەواڵی کوردستان ئێستا

هاووڵاتیانی كوردستان ده‌ستخۆشی لە هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا دەکەن

هاووڵاتیانی كوردستان ده‌ستخۆشی لە هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا دەکەن
هاووڵاتیانی كوردستان ده‌ستخۆشی لە هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا دەکەن

2020-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


 

سلێمانی-KDP.info- هاووڵاتیانی كوردستان ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ کە پابه‌ند ده‌بن به‌ ڕێنماییه‌كانی حكوومه‌ت بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان و تێپه‌ڕاندنی په‌تای كۆرۆنا. هاونیشتمانیان ده‌ڵێن، دڵخۆشن حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ كاتی خۆیدا زۆر زوو هاته‌سه‌ر خه‌ت و ئه‌نجامه‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه‌ کە به ‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م حاڵه‌تی په‌تای كۆرۆنا تۆمار كراوه‌. گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش ده‌ڵێ، كوردستان له‌ حاڵێكی زۆر باشه‌ به‌رامبه‌ر كۆرۆنا و ڕێكاره‌كان دژی كۆرۆنا به‌رده‌وامن‌.

سه‌نعان فایه‌ق، كاسب له‌ ناحیه‌ی خورماڵ، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌ك پێویست و زۆر زوو له‌ كاتی خۆیدا دەستی کرد بە جێبه‌جێكردنی ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا. حكوومه‌تی خۆمان زۆر له‌ پێش حكوومه‌تی وڵاتانی پێشكه‌وتووەوە كاری باشی كردووه‌ بۆ ڕێگری له‌ ڤایرۆسه‌كه‌، ڕێكاری وه‌ستاندنی هاتوچۆی نێوان شاره‌كان و داخستنی بازاڕه‌كان لای من كارێكی زۆر باش بوو، به‌هیوام هه‌موو لایه‌كمان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی حكوومه‌ت بین، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌ت و ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان بێت ئه‌نجامیان داوه‌، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ تاكی هاووڵاتی خۆی، خۆی بپارێزێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان، مه‌سروور بارزانی، له‌ گوتارێكیدا بۆ هاووڵاتیان ده‌ڵێ: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی و دەرکردنی ڕێنماییی تەندروستی. ئەوە بوو هەر زوو بودجەیەکی فریاگوزاریمان تەرخان کرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک: ڕاگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، کەمکردن و تەنانەت ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگاکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکان و نەهێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشکنینی پلەکانی گەرمای لەش لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان دوای دیراسەکردنی دۆخەکەش، بڕیارمان دا هاتوچۆی نێوخۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش ڕابگیرێت."

ڕه‌وه‌ز سه‌ڵاح، ڕۆژنامه‌نووس له‌ سلێمانی، گوتی: "بەرنامە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەم پەتایە له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ مه‌عنییه‌كانەوە، لە سەرووی هەمووانیشەوە سەرۆکی حکوومەت خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەو کارەی کرد و تا ئێستاش بەردەوامە، ڕاستە حکوومەت و دامودەزگاکان ڕێوشوێن و ئامادەکاریی باشیان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەڵام خاڵی هەرە گرنگ و یەکلاکەرەوە بۆ سنووردارکردن و زاڵبوون بەسەر ئەم ڤایرۆسە کوشندەیەدا پابەندبوونی هاووڵاتیانە بە ڕێنماییە تەندورستیەکانەوە و بەجددیوەرگرتنی مەترسیی ڤایرۆسەکەیە، حکوومەت سەد هێندەی تریش ئامادەکاری بکات و پلان و بەرنامەی هەبێت، ئەگەر خەڵک خۆی پابەند نەبێت بە ڕینماییەکانەوە هیچ سوودی نییە و ڤایرۆسەکە وەک مەڕی قوربانی هەڵدەکوتێتە سەرسەری هەموومان و وڵات دەکاتە مەرگەسات".

ڕه‌وه‌ز سه‌ڵاح گوتیشی: "بەپێی ئەو ئیمکانیەتە ماددی و تەکنەلۆژی و پزیشکیە متوازیعەی کە هەرێم هەیەتی، هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا زۆر باش و گرنگ و جێی دەستخۆشین، لەم بوارەدا هەرێم بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش زۆر باشتر و خەمخۆرتر و بۆ گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێن و ئامادەکاریی پێشوەخت لە پێشتر بوو، ئەم ڕاستیە حاشاهەڵنەگرە و هەموو لایەک دەیبینن، حکوومەت ئەرکی پاراستنی ژیانی هەموو خەڵکی لەسەرشانە بە دەوڵەمەند و هەژار و کاسبکار و بێکاسبی و پیر و منداڵ و گەنج و هەمو پێکهاتەکانەوە، بۆیە لە نێوان خراپبوونی باری ئابووریی گشتیی و تایبەتی لەگەڵ مەرگی بەکۆمەڵدا یەکەمیانی هەڵبژارد، تا دوەم دوور بخاتەوە".

خۆشناو ئه‌نوه‌ر، چالاكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات: "دڵخۆشین به‌ به‌رنامه‌ ڕژده‌كانی حكوومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌ سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ئاماده‌كاریی ته‌واو كراوه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، داواش ده‌كه‌ین قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژ بكرێته‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو هاووڵاتیان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن، خۆشبه‌ختانه‌ تا ئێستا كوردستان له‌ پێش زۆربه‌ی وڵاتانەوەیە، ده‌ستخۆشیمان بۆ سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و ناوخۆ هه‌یه‌، کە به‌رده‌وامن له‌ كاره‌كانیان بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان".

محه‌ممه‌د خۆشناو، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "ئێستا ئێمه‌ له ‌كوردستان زۆرباش توانیومانه‌ كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكه‌ین، به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر ڕێكاره‌كان ده‌كه‌ین. هاونیشتمانیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ ڕێكاره‌كان به‌رده‌وامن، له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌رئه‌نجامی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌رده‌كه‌وێت کە چه‌ند سوودی هه‌بووه‌، داواش كراوه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ڕێنمایی و ڕێكاری ده‌وێت، ئێستا له‌ دراسه‌داین، به‌وه‌ی ده‌رمانخانه‌ و سه‌موونخانه‌كان كراوه‌ بن".

محه‌ممه‌د خۆشناو  گوتیشی: 'هاووڵاتیان زۆرباش پابه‌ندی ڕێنمایه‌كانن، سه‌رۆكوه‌زیران، مه‌سروور بارزانی، به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ته‌ له‌گه‌ڵمان، ئه‌و پێشنیار و داوایانه‌ی وه‌زاره‌تمان بیكات، جێبه‌جێ ده‌كرێن و ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ته‌ مه‌عنییه‌كانی تر ده‌كرێن، ‌ له‌ كوردستان سوودی زۆرباشمان لە كه‌ره‌نتینه بینی و به‌رده‌وامیش ده‌بێت."

عه‌زیز ڕه‌سووڵ

 

Attachments area