هەواڵی کوردستان ئێستا

"دوای ١٧ی مانگ ڕێگا بە ھاووڵاتیان نادرێت لە ئێرانەوە بگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان"

"دوای ١٧ی مانگ ڕێگا بە ھاووڵاتیان نادرێت لە ئێرانەوە بگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان"

2020-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


حاجی ئۆمەران-KDP.info-  بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە دوای ١٧ی ئەم مانگەوە، ڕێگا بەو ھاووڵاتیانە نادرێت لە ئێران بگەڕێنەوە كە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە و بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێت، لە وادەی خۆیدا بڕیارەكە جێبەجێ دەكەن.

فەرزنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ھاتوچۆی بازرگانی لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێران بەردەوامە، بەڵام بەپێی ڕێنماییەكانی حكوومەت، ھیچ بارزگان و شوفێرێكی ئێرانی ناتوانن بێنە ناو خاكی ھەرێمی كوردستانەوە، بەڵكو لەسەر سنوور كەڵوپەلەكان لە بارھەڵگری ئێرانی وەردەگیرێن و دەخرێنە ناو كابینەی ئێمە."

دەربارەی چۆنیەتیی خۆپاراستنی شوفێری ھەرێمی كوردستان و بەریەكنەكەوتنیان لەگەڵ شوفێری ئێرانی، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: "ھەموو پێداویستیەكانی خۆپارێزی بۆ ئەو كەسانە دابین كراوە كە نزیكی بارھەڵگرە ئێرانیەكان دەبنەوە، تەنانەت "خواردنی سەفەری"ـشیان بۆ دابین كراوە، بۆ ئەوەی دوور بن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەكە."

فەرزنگ ئەحمەد، ھۆشداری بەو كەسانە دەدات كە ھاووڵاتیی ھەرێمی كوردستانن و تا ئێستا لە ئێران نەگەڕاونەتەوە و دەڵێت: "دواین وادە بۆ گەڕانەوەیان پێش ڕێکەوتی ١٧ی ٣ی ٢٠٢٠ـە، ھەر ھاووڵاتیەك پێش ئەم وادەیە بگەڕێتەوە كەرەنتینە دەكرێت و دواتر دەتوانێت بگەڕێتەوە ناو كەسوكاری، بەڵام دوای ئەو وادەیە ھیچ كەسێك ناتوانێت بێتە ناو ھەرێمی كوردستانەوە."

ھەكار ھەركی