یەکێتی ئەورووپا: لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئۆکراینا سزای زۆر توند بەسەر رووسیادا دەسەپێنین
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین رایگەیاند لەلایەک بڵاوکرنەوەی پەیام دەربارەی کشاندنەوەی بەشێک لە یەکە سەربازییەکانی و لەلایەکی دیکەوە دەرکردنی بڕیار لەبارەی ویلایەتەکانی دۆنێتسک و لوهانسک کە لە ژێر داگیرکاریدا بوون، دوو کاری دژبەیەکن کە رووسیا ئەنجامی داوە، بەڵام دووبارە چانسی ئەگەری رێککەوتن ماوەتەوە.
هەریەک لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، چارلز میشێل و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکدا کرد کە لەبارەی "ئۆکراینا و پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا" لە ئەنجوومەنی گشتی یەکێتیی ئەورووپا رێکخرا بوو.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین ئاشکرای کرد "ئامانج لە دامەزارندنی یەکێتیی ئەورووپا، کۆتاییهێنانە بە هەر جەنگێک کە لە ئەورووپادا سەرهەڵبدات. لە ئێستاشدا لە ئاکامی جموجۆلە سەربازییەکانی رووسیا، ئەورووپا لەژێر هەڕەشەی پاشماوەی جەنگی سارددایە".
ڤۆن دێر لاین گوتیشی: "دانیشتووانی ئۆکراینا لەژێر ترسی روودانی جەنگدا دەژین".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا هەروەها رایگەیاند: "لەلایەک بڵاوکردنەوەی پەیام دەربارەی کشاندنەوەی بەشێک لە یەکە سەربازییەکانی و لەلایەکی دیکەوە دەرکردنی بڕیار لەبارەی ویلایەتەکانی دۆنێتسک و لوهانسک کە لە ژێر داگیرکاریدا بوون، لەلایەن رووسیاوە بە دوو کاری دژبەیەک لێکدەدەینەوە".
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، دووپاتی کردەووە گوتەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، لە دیدارەکەی دوێنێی لەگەڵ راوێژكاری ئهڵمانیا، ئولاف شۆڵتز جێگەی دڵخۆشی بووە.
گوتیشی: "پەیامی ئێمە بۆ رووسیا زۆر روون و ئاشکرایە، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئۆکراینا، یەکێتیی ئەورووپا سزای زۆر توند بەسەر رووسیادا دەسەپێنیت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتییەکەدا زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت کە کاردەکاتە سەر پلانە ئابوورییەکانیشی".
- پێشنیازی کۆنفرانسی هاوکارییکردن
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، چارلز میشێل رایگەیاند یەکێتی ئەورووپا پشتیوانی تەواو لە ئۆکراینا دەکات و بە بڕی ١٫٢ ملیار دۆلار هاوکاری دارایی دەبەخشێتە ئەو وڵاتە.
گوتیشی: "پێشنیازی ئەوەمان کردووە بۆ پشتیوانی کردنی سەقامگیریی ئابووری ئۆکراینا کۆنفرانسێک رێک بخرێت".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەوە و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد یەکێتی ئەورووپا ئامادەیە پارێزگاریی لە ئەورووپا بکا لە ئەگەری دروستبوونی هەر هەڕەشە و هێرشێک لە لایەن هەر وڵاتێکەوە بێت و گوتیشی: "دەمانەوێت رێگەچارەیەکی دیپلۆماتی هەڵبژێرین، بەڵام لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە کاردانەوەمان دەبێت و سزای ئابووری بەسەر رووسیادا دەسەپێنین".
جۆزێپ بۆرێل گوتیشی: "ئەو رووداوانەی کە لە ئۆکراینادا روودەدەن زیان تەنیا بە هاووڵاتییانی ئۆکراینا ناگەیەنێت بەڵکو زیان بە مرۆڤایەتیش دەگەیەنێت".