هەواڵی کوردستان ئێستا

نه‌وتی خاوی برێنت بە 93,40 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نه‌وتی خاوی برێنت بە 93,40 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
نه‌وتی خاوی برێنت بە 93,40 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

2022-02-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


کاتژمێر ٠٩:٢٧ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بەڕێژەی سەدا ١،٥ کەمبوونەوەیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٩٣ دۆلار و ٤٠ سەنت فرۆشرا.

لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٩٢ دۆلار و ٣٩ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

لێدوانە دژبە یەکەکان لە بارەی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، کاریگەرییان لەسەر نزمبوونەوەی نرخەکان دروست کرد.

بەرپرسانی ئەمریکا، باس لەوە دەکەن کە لێدوانەکانی تایبەت بە کشانەوەی بەشێکی یەکە سەربازییەکانی رووسیا لەسەر سنوور لەگەڵ ئۆکراینا، دوورن لە راستییەوە و مۆسکۆ حەوت هەزار سەربازی دیکەی رەوانەی سەر سنوور کردووە.

لە بەرامبەر ئەم بانگەشانەشدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند "پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا واز بهێنن لە پشێوینانەوەی هیستریایی دژبە رووسیا".

هەروەها بەردەوامی دانوستانەکانی ڤییەنا لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و گەشبینییەکان بەرامبەر ئەنجامی دانوستانەکان، ئەگەری خستنەبازاڕی نەوتی ئێران بەهێز دەکات و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت.

لە لایەکی دیکەشەوە بەگوێرەی ئامارەکانی ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، یەدەگەکانی نەوتی ئەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوودا بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل واتە بەڕێژەی سەدا ٠،٣ زیادی کردووە و گەیشتوەتە ٤١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل، ئەمە لە کاتێکدابوو کە وا پێشبینی دەکرا یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا یەک ملیۆن و ٨٠٠ بەرمیل کەم بکات، ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر کەمبوونەوەی نرخی ئەو سووتەمەنییە.