تەقینەوەی مینێک لە پارێزگای بەسرە کوژرانی چوار هاووڵاتیی لێکەوتەوە
لە ئاکامی تەقینەوەی مینێک لە پارێزگای بەسرە باشووری عێراق، چوار هاووڵاتیی مەدەنی کوژران.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی پارێزگای بەسرە رایگەیاند "مینێکی پاشماوەی جەنگی نێوان عێراق - ئێران لە قەزای زوبێر سەربە پارێزگای بەسرە تەقییەوە و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی مەدەنی کوژران کە یەکێکیان منداڵ بوو".
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راشیگەیاند "ئەو چوار کەسەی لەو رووداوەدا کوژران دەستبەجێ لە شوێنی تەقینەوەکە گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان لە رێگەی ئامبوڵانسەوە گوازرایەوە بۆ پزیشکی دادیی".
جێی ئاماژەیە، پاشماوەکانی جەنگ لە مین و تەقەمەنی لە رووبەری فراوان لە خاکی عێراقدا چێندراون و بەپێی چەند راپۆرتێک، نزیکەی سێ هەزار کیلۆ مەتر لە خاکی ئەو وڵاتە مین و تەقەمەنی تیایدا چێندراوە و بڵاوبووەتەوە.
بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) و داگیرکردنی کوێت لە لایەن عێراقەوە لە ساڵی ١٩٩٠ و دواتر داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، زۆرینەی ئەو پاشماوانە کەوتوونەتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتەکەوە.
هەروەها بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا، لە ناوچەکانی باکووری وڵاتەکە تەنانەت لەنێو شارەکانیشدا بۆمبی چێندراو بڵاوبووەتەوە.