وەزیری دەرەوەی عێراق: "رێگا بە ھیچ لایەک نادرێت لە عێراقەوە ھێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ"
دیجیتال میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن جەختی کردەوە لەسەر گرنگی رێزگرتنی وڵاتانی دراوسێ لە سەروەریی عێراق و رایگەیاند کە سەقامگیری عێراق، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن لە پەراوێزی ٥٨مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار کۆبووەتەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوەیشدراوە کە، لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا چۆنیەتی پتەوترکردنی دۆستایەتی و ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و تورکیایان تاوتوێکردووە، ھەروەھا لەبارەی رەوشی ھەرێمیی، نێودەوڵەتی و ژمارەیەک دۆسیە کە جێگای بایەخ و گرنگی ھاوبەشی ھەردوو وڵات بوون، گفتوگۆیان کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی رێزگرتنی وڵاتانی دراوسێ لە سەروەریی عێراق و ئاماژەی بە بنەمای دەستووری عێراقی داوە کە تیایدا پەرۆشی عێراقی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھەروەھا چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆکردن روونکردووەتەوە، جەختیش لەوەکراوەتەوە کە رێگایش بە ھیچ لایەک نادات لەوەی لە خاکی عێراقەوە ھێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ و، رایگەیاندووە کە، سەقامگیری عێراق، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
ئەوەیشخراوەتەڕوو کە، لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە گرنگی ھاریکاریی ئەمنی ھاوبەشی نێوان وڵاتەکەی و عێراق داوە و، روونی کردووەتەوە کە، تورکیا باوەڕی بە سەقامگیری عێراق و، سەروەرییەکەی ھەیە و، راشیگەیاندووە کە تورکیا و عێراق پەیوەندیی باشیان ھەیە، ھەروەھا ئیرادەی ھاوبەش بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان، لەلایەن بەرپرسانی ھەردوو وڵاتەوە بەدی دەکرێت.