بەڕازیل.. تا ئێستا 136 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە
بەهۆی ئەو لافاوەی ویلایەتی ریۆ دێ جانیرۆی بەڕازیلی گرتووەتەوە، تا ئێستا ١٣٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە، بەهۆی تاوەباران و رۆچوونی زەوی لە شاری پێترۆپۆلیس، لافاو دروست بووە و تا ئێستا تەرمی ١٣٦ کەس دۆزراونەتەوە و ٢١٣ کەسیش بێسەروشوێنن.
سکرتێری بەرگری شارستانی ویلایەتەکە، لیاندرۆ مۆنتێیرۆ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەکارهێنانی ئامێرە گەورەکان لەو ناوچانەی رۆچوونی زەوی تیایاندا روویداوە، ئەستەمە.
پێشتریش دەزگای کەشناسی هۆشداری دابوو لە ئەگەری روودانی تاوەبارانێکی بەهێز، لە ١٥ی شوباتیشدا بارانەکە دەستیپێکرد و لە بەرزاییەکانی شاری پێترۆپۆلیس بووە هۆی رۆچوونی زەوی.
کلاودیۆ کاسترۆی پارێزگاری ویلایەتی ریۆ دێ جانیرۆ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی ١٩٣٢ەوە تا ئێستا بارانی لەو شێوەیە نەباریوە.
جێی ئاماژەیە بارانەکە ئەوەندە بەهێزبووە بەتایبەت لە شاری پێترۆپۆلیس، ئەو بارانەی چاوەڕێ دەکرا لە تەواوی مانگی شوباتدا ببارێت، لە ماوەی شەش کاتژمێردا باریوە.