لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەزار و ٢٣٤ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون
دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھەزار و ٢٣٤ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەنێویاندا ٣٨٦ کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ١١ کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا شەش کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا سێ ھەزار و ٦٦٨ کەس لە پەتاکە چاکبوونەتەوە لەنێویاندا ٥٥٢ کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا باس لەوەیشکراوە کە کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٢٩٠ ھەزار و ١١ کەس و لەو ژمارەیەش ٢٤ ھەزار و ٨٥١ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ٢١٦ ھەزار و ٧٦٥ کەسیش چاکبوونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج ھەزار و ٨١٩ کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە، تا ئێستا نۆ ملیۆن و ٧٠٧ ھەزار و ٦٠٨ کەس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.