لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەزار و ١٥٩ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون
دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھەزار و ١٥٩ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەنێویاندا ٤٨١ کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و حەوت کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا دوو کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا سێ ھەزار و ٩٤٠ کەس لە پەتاکە چاکبوونەتەوە لەنێویاندا ٨٥٥ کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا باس لەوەیش کراوە کە کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٢٩١ ھەزار و ١٧٠ کەس و لەو ژمارەیەش ٢٤ ھەزار و ٨٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ٢٢٠ ھەزار و ٧٠٥ کەسیش چاکبوونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتە روو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٠ ھەزار و ٣٩٣ کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە لەنێویاندا ١٠ ھەزار و ٨٦٢ کەس لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەیش داوە کە تا ئێستا، نۆ ملیۆن و ٧٢٢ ھەزار و ٦٠٥ کەس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.