هەواڵی کوردستان ئێستا

له‌ بەڕازیل ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٧١ کەس

له‌ بەڕازیل ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٧١ کەس
له‌ بەڕازیل ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٧١ کەس

2022-02-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ئەو لافاوەی ھەفتەی رابردوو لە ویلایەتی ریۆ دێ جانێرۆ باشووری رۆژهەڵاتی بەڕازیل روویدا گیانیان لەدەست دا، بەرزبووەوە بۆ ١٧١ کەس.

بەپێی میدیاکانی بەڕازیل، دوای روودانی لافاو و رۆچوونی زه‌وی لە شاری پێترۆپۆلیس ناوچەی شاخاویی ریۆ دێ جانێرۆ، تیمه‌كانی ئاگر کوژێنەوە و خۆبه‌خشه‌كان به‌رده‌وامن لە پرۆسەی گەڕان و رزگارکردن.

ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی لافاو و رۆچوونی زه‌وییه‌وه‌ گیانیان لەدەست دا بەرزبووەوە بۆ ١٧١ کەس و ١٢٦ کەسیش بێ سەروشوێنن، هەروەها ٨٥٦ کەسیش روویان کردووەتە پەناگاکان.

به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رفراوانه‌ی شاره‌وانی پێترۆپۆلیس ده‌ستی پێ كردووه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی كۆڵانه‌كان، داوا له‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ کراوە له‌ ماڵه‌كانیان نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌.

دوای ئه‌و بارانه‌ به‌لێزمه‌یه‌ی لە ١٥ی شوباتدا لە شاری پێترۆپۆلیس ناوچەی شاخاویی ریۆ دێ جانێرۆ روویدا، له‌ زۆر شوێنی شاره‌كه‌ رۆچوونی زه‌وی روویدا.

لەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، رۆچوونی زەوی لە ناوچە شاخاوییەکان بەدی دەکرێت، لافاو کۆڵان و پارکەکانی گرتووەتەوە، ئۆتۆمبێل و پاسەکان ژێرئاو کەوتوون و رادەکێشرێن.

پارێزگاری ریۆ دێ جانێرۆ، کلاودیۆ کاسترۆ باسی لەوە کردبوو کە لە ساڵی ١٩٣٢ه‌وه‌ تا ئێستا ناوچەکە رووبەڕووی بەھێزترین شەپۆلی باران بارین بووەتەوە.

ئەو بارانەی پێشبینی دەکرا بە درێژایی مانگی شوبات لە پێترۆپۆلیس ببارێت لە ماوەی شەش کاتژمێردا باریوە.

لەو کارەساتی لافاوەی لە ساڵی ٢٠١١دا لە شارەکە روویدا و بووە تراجیدیا، زیاتر لە ٩٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بێ سەروشوێن بوون.