قەیران لە پێناو مانەوە
توێژەری سیاسی
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێ، نموونەی حوکمڕانییەکی شێواو و بێپلان و بێ بەرپرسیارەتییە. دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حوکمڕانی، هەرگیز نەبووە ڕۆژێک بێ قەیران بێت و بە ئارامی خەڵک لەم وڵاتە پشتێنی لێ بکەنەوە و هەست بکەن ئیدی ژیانیان لە خۆشیدایە. هەر ڕۆژە و قەیرانێک و کێشەیەکی سیاسی لەم هەرێمە بەرپا دەکەن، وەک بڵێی بێ قەیران ناتوانن و ئەگەر نەشبێت قەیران دروست دەکەن.
دوای ٣١ ساڵ لە حوکمڕانی کوردی لە هەرێمی کوردستان، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ( پارتی دیموکڕاتی کوردستان ) و ( یەکێتیی نیشتمانی کوردستان) لە ھەردوو زۆنی زەرد و زۆنی سەوز ھەمیشە خەڵک و ھاووڵاتیان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و پڕ لە قەیراندان. ھەر لە ساڵی ١٩٩١ ەوە تا ئێستا. بە ھۆی سیاسەتی چەوتی ھەردوو حزب، شەڕی بێئامانی ناوەخۆیان بەرپا کرد کە ئەم شەڕەش زیاتر لەسەر دەسەڵات و پارە و سامانی گشتی بوو کەمتر لەسەر جیاوازیی فیکری بوو. ئەم دوو دەسەڵاتە لەسەر هەموو شتێک قەیراندا، ئەوە ئەمرۆش ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە. ئەو پۆستە جگە لە پۆستێکی کارتۆنی ھیچی تر نییە بۆ کورد. تەنیا داھاتێکی چەند ملیۆن دۆلاری و ژیانێکی شاھانە بۆ ئەو کەسەی پۆستەکە وەردەگرێ هیچی دیکەی بۆ میللەت تێدا نییە. ئەمە لەجیاتی ئەوەی دەسەڵات لەگەڵ پێشکەوتن و ھەلی کار بێ بۆ گەنجەکانمان، هەوڵ بدات یاسا سەروەر بێت و دادگاکان سەربەخۆ بن و رێگا و بان دروست بکەن و ئاو و کارەبای هەمیشەیی بۆ خەڵک دابین بکەن، مووچەی مانگانە لەکاتی خۆی بۆ فەرمانبەرانی حکومەت دابین بکەن، سوتەمەنی لەم زستانە بۆ ھاووڵاتیان دابین بکەن.
پارتی و یەکێتی، رۆژ لە دوای رۆژ قەیران دروست دەکەن، ھەموو قەیرانەکانیش دەسکرد و دروست کراون. تاکە ئامانجی ھەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی ھەرێمی کوردستان لە دروست کردنی قەیران و ئەو ھەموو کێشە زۆرانە بۆ ھاووڵاتیان و خەڵک تەنیا بەلاڕێدابردنی ھزر و ڕای گشتی خەڵکە لەسەر ئەو زوڵم و ستەمە و گەندەڵی و نادادپەروەرییەی لە خەڵکی دەکەن. بۆ ئەوەی تەمەنی مانەوەیان لەو حوکمڕانییە ناعادیلانە و پڕ لە قەیرانە بەردەوام بێت. چونکە ئەوان باش لەوە گەیشتوون کە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئەو سیستەمە مافیاییە و پاشاگەردانییەیان ناوێ. تەنیا ئەوانە نەبێت کە مووچەخۆر و کاسەلێسی ئەو دوو حزبەن. تەنانەت زۆربەی ئەندام و لایەنگرانی ھەردوو حزبەکەش گەیشتنوون بە وقەناعەتە کە پارتی دیموکڕاتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان یان توانای چاککردنی بارودۆخی کوردستانیان نییە یانیش هەر خۆیان نایانەوێ چاکی بکەن. لەبەر چەندین ھۆکار. بۆیە ئەوەی ڕوونە، ئەو سیاسەتەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێ جگە لە بەرژەوەندیی ھەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و دارودەستەکانیان هەرگیز لە بەرژەوەندی میللەتدا نییە.
دروستکردنی قەیران لەپێناو مانەوە و درێژەدان بە حوکمڕانی مافیایی، بووە بە سیاسەتێکی باوی ئەم دەسەڵاتە کوردییە لە هەرێم، کە نایەوێ قەیرانەکان چارەسەر بکات و حوکمڕانییەکی عادیلانە بەرقەرار بکات.