دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا: "پوتین فەرمانی هێرشکردنی دا"
دیجیتال میدیای سپێده
دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا رایگەیاند، دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین فەرمانی هێرشکردنە سەر ئۆکراینای بە فەرماندەکانی سوپای رووسیا دابێت.
بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا لە کاتێدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا لە تەشەنەسەندن دایە.
لە هەواڵێکی کەناڵی "CNN" و رۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا هاتووە "دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا زانیاری گەیشتووەتە دەست کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین فەرمانی هێرشکردنە سەر ئۆکراینای بە فەرماندەکانی سوپای رووسیا دابێت".
بەشێکیش لە چاودێران بۆچوونیان وایە رەنگە ئەو زانیارییە بە مەبەستی بەهەڵەدابردن لەلایەن رووسیاوە بڵاوکربێتەوە.
رۆژی هەینی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە لێدوانێکی دا ئاشکرای کرد، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە سوپای رووسیا لە رۆژانی داھاتوودا شاری کیێڤ داگیر بکات.
دوێنێ یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی "CNN" رایگەیاندبوو "جموجۆڵە سەربازییەکانی رووسیا لە ناوچەکە، نیشانەیەکە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی داگیرکاریی".