کازمی: "توانیمان دۆسیەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دابخەین"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق: "توانیمان دۆسیەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دابخەین کە بەھۆی سەرکێشییەکانی رژێمی پێشوو بەدرێژایی ٣٢ ساڵ بەسەر عێراقدا سەپێندرابوون".
مستەفا کازمی لە تویتێکدا لەبارەی کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی داگیرکردنی کوێت لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە نووسیوویەتی "عێراق لە رێگای خستنەگەڕی ھەوڵەکانی لە پێناو بنیاتنانی پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆست و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، توانی دۆسیەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دابخات کە بەھۆی سەرکێشییەکانی رژێمی پێشوو بەدرێژایی ٣٢ ساڵ بەسەر عێراقدا سەپێندرابوون".
راشیگەیاندووە کە ئەمەیش سەرەتایەکی نوێیە بۆ گێڕانەوەی رۆڵی عێراق لە رێگای دیدگای دەوڵەت نەک بێھودەییەکانی (نا دەوڵەت).
ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند، عێراق لەژێر بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە، ئەوەیش دوای ئەوەی عێراق قەرەبووکردنەوەکانی جەنگی کەنداو ١٩٩١ی تەواو کرد.