هەواڵی کوردستان ئێستا

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ رووسیا: ده‌ستبه‌جێ هێرشه‌كه‌ رابگره‌

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ رووسیا: ده‌ستبه‌جێ هێرشه‌كه‌ رابگره‌
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ رووسیا: ده‌ستبه‌جێ هێرشه‌كه‌ رابگره‌

2022-02-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


كۆمیسیاری باڵای مافه‌كانی مرۆڤ سەربە نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، میشێل باچڵت داوای كرد رووسیا ده‌ستبه‌جێ كۆتایی به‌ ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازیی له‌ ئۆكراینا بهێنێت.

میشێل باچڵت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، سڤیله‌كانی دانیشتووی ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئۆكراینا ئه‌مڕۆ به‌ ده‌نگی بۆردومانی چڕ به‌خه‌به‌ر هاتوون و له‌ ماڵه‌كانیاندا هه‌ڵاتوون.

باچڵت نیگه‌رانیی قووڵی ده‌ربڕیوه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی رووسیا بۆسه‌ر ئۆكراینا و رایگه‌یاندووه‌: "ئه‌م كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌ به‌ڕوونی پێشێلی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات و ژماره‌یه‌كی بێ پایانی سڤیله‌كان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ رابگیرێت".

كۆمیسیاری باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، باسی له‌وه‌ش كردووه‌، راپۆرتیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌ نزیكی هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی كیێڤی پایته‌خت، خاركیڤ، كراماتۆرسك و ماریۆپۆڵ، هێرشی سه‌ربازیی هه‌ن و رایگه‌یاندووه‌: "پێویسته‌ کاری لە پێشینە بریتی بێت له‌ پاراستنی سڤیله‌كان. به‌ هه‌ر نرخێك بێت پێویسته‌ خۆ به‌دوور بگیرێت له‌ به‌كارهێنانی ته‌قەمەنی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌ چڕی سڤلنشینن".