دەرمانخانەیەك بەهۆی هەرزانی نرخەوە داخرا ولێژنەكانی چاودێرییش دەڵێن بەهۆی دەرمانی ساختەوە بووە
لێژنەكانی چاودێری بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆلی جۆری دەرمان لە هەولێر دەرمانخانەیەك دادەخهن و دەڵێن دەرمانی ساختەی هەبووە.
له ڕوونكردنەوەی هاوبەشی كوالێتی كۆنتڕۆلی دەرمان و لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی دا هاتووه: پاش دەست كەوتنی زانیاری سەبارەت بە بوونی دەرمانێكی ساختە لە چەند دەرمانخانەیەك، لێژنەكانی چاودێری بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆلی جۆری دەرمان بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان و قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ دەرمانخانەكان كرد، لە ئەنجامدا دەركەوت بڕێكی زۆر لە دەرمانە ساختەكە لە دەرمانخانەی سەروەران بوونی هەیە، دوای پشكنیی دەرمانخانەكە لەلایەن لێژنەكەوە دەركەوت دەرمانخانەكە پڕە لە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی كە بڕەكەی زیاتر لە ٤٥٠٠ پاكەت دەرمانی جۆراوجۆر دەبێت. بۆیە دەرمانخانەكە بە پێی یاسا و ڕێنماییەكان ڕێكاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.
ڕوونكردنەوەی هاوبەشی كوالێتی كۆنتڕۆلی دەرمان و لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنێت: كە داخستنی دەرمانخانەكە هیچ پەیوەندیەكی بە هەرزانی نرخەوە نیە، بەڵكو هەرزانی نرخی دەرمانەكانی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەكردنی دەرمانخانەكە لەگەڵ دەستگێڕ و دەرمانی نایاسایی و سەرچاوە نادیار و ساختە. ئەم دەرمانخانەكە پێشووتریش لەسەر مامەڵەكردن بە دەرمانی میری (MOH) كە كڕین و فرۆشتنی قەدەغەیە داخراوە و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.