هەواڵی کوردستان ئێستا

ئۆكراینا داوای دانوستان له‌ رووسیا ده‌كات

ئۆكراینا داوای دانوستان له‌ رووسیا ده‌كات
ئۆكراینا داوای دانوستان له‌ رووسیا ده‌كات

2022-02-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


سه‌رۆكی ئۆكراینا، ڤلۆدیمێر زێلێنسكی داوا له‌ سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ده‌كات "له‌ پێناو راگرتنی كوشتنی خه‌ڵك بچنه‌ سه‌ر مێزی دانوستان".

زێلێنسكی له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ به‌ زمانی رووسی داوای دانوستان له‌ پوتین ده‌كات و ده‌ڵێت: "جارێكی دیكه‌ رووی ده‌مم ده‌كه‌مه‌ سه‌رۆكی رووسیا و ده‌ڵێم: له‌ ته‌واوی ئۆكراینا ده‌بێت به‌ جه‌نگ، بۆ راگرتنی كوشتنی خه‌ڵك با بچینه‌ سه‌ر مێزی دانوستان".

دواتر ناوبراو رووی ده‌می كرده‌ سوپای ئۆكراینا و گوتی: "خۆڕاگرانه‌ بوه‌ستن، تاكه‌ شتێك هه‌مانبێت ئێوه‌ن، ته‌نها ئێوه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌مان ده‌پارێزن. هه‌ر بژی ئۆكراینا".

سه‌رۆكی ئۆكراینا تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی "داگیركارییه‌كه‌ی رووسیا، ته‌نها داگیركردنی ئۆكراینا نییه،‌ به‌ڵكوو ده‌سپێكی جه‌نگه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ورووپا. ئه‌م ڕه‌وشه‌ دژی ته‌واوی پره‌نسیپه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و كیشوه‌ره‌كه‌یه‌".

ڤلۆدیمێر زێلێنسكی به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م دۆخه‌ی وڵاته‌كه‌ی تێی كه‌وتووه‌ له‌ جه‌نگی جیهانیی دووه‌م ده‌چێت، گوتی: "هه‌موو كه‌س و ئه‌ورووپا ئه‌م دۆخه‌ ده‌بینێت. به‌ڵام به‌پێی پێویست هیچیان نه‌كردووه‌. به‌ ره‌وانه‌كردنی هاوكا‌ریی به‌و خاوییه‌ بۆ ئۆكراینا، چۆن ده‌توانن خۆتان بپارێزن؟".

زێلێنسكی ستایشی سزاكانی خۆرئاوای كرد بۆ سه‌ر رووسیا و گوتی: "به‌ڵام هێشتا تانكه‌ رووسییه‌كان ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوون ده‌كه‌نه‌ ئامانج. زرێپۆشه‌كان به‌رده‌وامن له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هاووڵاتییانی مه‌ده‌نیش".

سه‌رۆكی ئۆكراینا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ورووپا توانای راگرتنی ئه‌و هێرشانه‌ی رووسیای هه‌یه‌، گوتی: "ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورووپا ده‌توانن ڤیزه‌دان به‌ رووسه‌كان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، رووسیا له‌ سیسته‌می SWIFT ده‌ر بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، رووسیا په‌راوێز بخه‌ن، باڵیۆزه‌كانیان (له‌ مۆسكۆ) بانگهێشت بكه‌نه‌وه‌، گه‌مارۆی نه‌وت بخه‌نه‌ سه‌ر رووسیا و كایه‌ی ئاسمانی به‌ رووی رووسیادا دابخه‌ن. پێویسته‌ ئێستا ته‌واوی ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر مێز بن، چونكه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ته‌واوی ئه‌ورووپا".