زێلێنسکی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا و سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ئەنجامدا
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمیر زێلێنسکی، دوو پەیوەندی تەلەفۆنی جیای لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین و سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی، ئەنجامدا.
زێلێنسکی، لەبارەی ئەو دوو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، راگەیەندراوێکی بلاوکردەوە.
لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤۆن دێر لاین، ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئۆکراینا بە چەکەکانی دەستییەوە دژ بە داگیرکەران وەستاوەتەوە و بەرگری لە ئازادی و ئاسایشی ئەورووپا، دەکات.
زێلێنسکی، ئاماژەی بەوەشداوە کە دەربارەی پشتیوانی کارای یەکێتی ئەورووپا بۆ وڵاتەکەی، دواون و نوسیویەتی: "دڵنیام لەوەی کە یەکێتی ئەورووپا، ئۆکراینا هەڵدەبژێرێت".
سەرۆکی ئۆکراینا، باسیشی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی، کردوە و ئاڵای ئۆکراینا و ئیتاڵیای پێکەوە بەکارهێناوە، نوسیویشیەتی: "ئەمە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێیە لە مێژووی وڵاتەکانماندا".
زێلێنسکی، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دراگی، پشتیوانی لە دەرکردنی رووسیا لە سیستمی (SWIFT)ی تایبەت بە گواستنەوەی پارە، کردوە و گوتوشیەتی: "پێویستە ئۆکراینا ببێتە بەشێک لە یەکێتی ئەورووپا".