ئەڵمانیا ھاوکاری سەربازیی رەوانەی ئۆکرانیا دەکات
دیجیتال میدیای سپێده
حکوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ھەزار دژە تانک و 500 مووشەکی جۆری ستینگەر بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت.
لەو راگەیەندراوەی کە گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ستیفن هێبيستريت رایگەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی بریاری ناردنی ھەزار دژە تانک و ٥٠٠ مووشەکی جۆری ستینگەری دەرکردووە و گوتی: "لە کەمترین ماوەدا چەکەکان رادەستی ئۆکرانیا دەکرێت".
ھەڵسەنگاندنی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز، بۆ دۆخەکە لەگەڵ راگەیەندراوەکەدا بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ھێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا خاڵێکی وەرچەرخانە و گوتوویەتی: "ئەمە ھەڕەشە لە سستەممان دەکات لە دوای شەڕ. لەم دۆخەدا، بەوەی لە تواناماندا بێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا لە بەرگریکردن لە دژی سوپای داگیرکاریی ڤلادیمیر پوتین (سەرۆکی رووسیا)، ئەرکمانە. ئەڵمانیا لە پاڵ ئۆکراینادایە".
ناردنی چەک لەلایەن حکوومەتی ئەڵمانیاوە بۆ ئۆکرانیا واتای گۆڕانکاریی لە سیاسەتی ئەو وڵاتە دێت چونکە پێشتر ئەڵمانیا رەتی دەکردەوە چەک بنێرێت بۆ ئەو ناوچانەی کە شەڕ یان گرژییان تێدایە.