ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: مووچەبڕین و هەژاركردن، كاری ستەمكارانە
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 28-2-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێك سەردانی قەزای شارەزووری كردو لەكۆبونەوەی لەگەڵ ڕێكخستنەكانی لقەكانی هەڵەبجەی تازەو زەڕایەن، ڕایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان پیادە دەكرێت كە هەژاركردن و مووچەبڕین و پیلانێكی ستەمكارانەیە، چونكە هەژاری لێدەكەوێتەوەو هەژاریش سەردەكێشێت بۆ هەموو خراپەكارییەك، بەداخەوە دەسەڵاتداران زۆر بێباكن بەرانبەر بە چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان.
مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەوەشی خستەڕوو: هەندێك گرەویان دەكرد بۆ كەوتنی یەكگرتوو كە خۆشحاڵانە گرەوەكەیان چووە ئاوەوەو یەكگرتوو وەكو خۆروایە بەردەوام ڕوناكی پەخش دەكات و یەكگرتوو پرۆژەیەكی ژیان سازییە بۆیە بەردەوام لەگەشەگردن و نوێ بونەوەیەدایە.
لەكۆتای دیدارەكە، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە: ڕێگەی هیدایەت ڕێگەو پرۆژەیەكی گەورەیەو لوتفی خوداییەو ئەم ڕێگەیە جێی دڵخۆشی براوخوشكانی باش و هاوسەنگە كە لەناو ئەم كاروانە خزمەت دەكەن و یەكگرتوو و یەكگرتووەكان ئەركیان گەورەیەو چونە ژێر ئەركەكە خزمەتی دین و ژینی گەلی خۆیانە بەڕاستگۆیانەو دڵسۆزانە.