پارێزگاری هەڵەبجە بۆ KDP: یادی كیمیاباران بە زیندوویی دەمێنێتەوە
هەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ16/3/2020، سی و دوو ساڵ بەسەر مەرگەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێ، بەڵام بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەترسییەكانی، ئەمساڵ بە بێ هیچ مەراسیمێكی فەرمی یادەكە بەڕێ دەكرێت.
ئەمڕۆ لە لایەن ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، دەستكێش و دەمامك بەسەر كەسوكاری شەهیدان و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دابەش دەكرێت و، داواش كراوە هەر خێزانیك ئەمڕۆ كاتژمێر ۱۱:۳۰خولەك لە بەردەم ماڵەكانی خۆیان و بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان، بەپێوە ڕاوەستن.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەمساڵ بۆ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە، هیچ چالاكییەك بەڕێوە ناچێت، بەڵام ئەو یادە لە ویژدانی مرۆڤایەتی و خەڵكی هەڵەبجەدا دەكرێتەوە و بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ناوبراو دەشڵێ: "هەموو هاووڵاتیان بە بەرپرسان و كەسوكاری شەهیدانەوە، ڕێگەپێدراون بڕۆنە سەر مەزاری شەهیدان بۆ خوێندنی سوورەتی پیرۆزی فاتیحە و دانانی تاجەگوڵینە و بگەڕێنەوە، بەڵام هیچ گردبوونەوەیەك ئەنجام نادرێت".
لە پاش ڕاپەڕینی گەلی كورد و ئازادبوونی هەرێمی كوردستان، لە چنگی سەددام حوسێنی دیكتاتۆر و سوپا خوێنڕێژەكەی، لە هەڵەبجە و تەواوی شار و شارۆچكەكانی كوردستان مەراسیمی تایبەت بە ڕێوە چووە لە ڕۆژی ۱٦/۳ـدا، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە یادەكە ناكرێتەوە.
پارێزگاری هەڵەبجە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە وەك پارێزگاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ لە مەزاری شەهیدان تاجەگوڵینە دادەنێین و دەگەڕێینەوە:"
ڕۆژی ۱٦/۳/۱۹۸۸، ڕِژێمی دكتاتۆری ئەوكاتی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەددام حوسێن، شاری هەڵەبجەی كیمیاباران كرد، لە ئەنجامدا ٥ هەزار شەهید و ۱۰هەزار برینداری لێكەوتەوە، كە سەدان هاووڵاتییش بێسەروشوێن بوون و تا ئێستاش دەیان خێزان بە دوای كەسوكارەكەیاندا دەگەڕێن و سەدان بەركەوتووی چەكی كیمیاییش بەدەم ئازاری كیمیاییەوە دەناڵێنن.
ڕۆژی (13-3-2014) لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، واژۆ لەسەر بەپارێزگابوونی شارەكە كرا، لە (2-5-2015) لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شارەكە، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند كرا و كرایە چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان، پاشان سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، سەرۆك مەسعوود باررزانی، مەرسوومی سەرۆكایەتیی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی واژۆ كرد.
عەزیز ڕەسووڵ