هەواڵی کوردستان ئێستا

كازمی له‌باره‌ی 200 ملیاره‌كه‌ چی به‌ فازڵ میرانی وت

كازمی له‌باره‌ی 200 ملیاره‌كه‌ چی به‌ فازڵ میرانی وت
كازمی له‌باره‌ی 200 ملیاره‌كه‌ چی به‌ فازڵ میرانی وت

2022-02-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بۆ ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ دوێنێ فازل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوه‌وه‌، به‌ڵام كازمی هیچی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌داوه‌.

دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی له‌ باره‌ی "ناده‌ستوری بونی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێم" حكومه‌تی هه‌رێم ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌غدا 200 ملیار دیناره‌كه‌ كه‌ مانگانه‌ وه‌ك سولفه‌ به‌ هه‌رێمی ده‌دات بیبڕێ، به‌غداش هه‌ندێ ئاماژه‌ی به‌ هه‌رێم داوه‌ كه‌ 200 ملیار دیناره‌ ده‌بڕێت.

هه‌ولێر هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ بڕه‌ پاره‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بنێرێت، له‌و چوارچێوه‌شدا فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا فازڵ میرانی داوای له‌ مسته‌فا كازمی كردوه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی به‌رده‌وامبێت له‌ ناردنی سولفه‌ 200 ملیار دیناره‌كه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ سپێده‌ی ڕاگه‌یاند، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ مسته‌فا كازمی به‌ فازل میرانی وتوه‌ ڕێكه‌وتنی ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ بۆ هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی 2021ی عێراق بووه‌ ، ئێستا ساڵی دارایی ته‌واو بووه‌، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ كۆتایهاتنی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم.

سپێده‌ زانیویه‌تی، له‌و كۆبونه‌وه‌ كازمی به‌ڵێنی به‌رده‌وام بوونی ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ به‌ فازل میرانی نه‌داوه‌، هه‌روه‌ها به‌ڕاشكاوانه‌ش بڕیاری بڕینی ئه‌و پاره‌یه‌شی نه‌داوه‌.