رووسیا ھۆشداری لە پێشکەشکردنی ھاوکاریی سەربازیی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا دا
دیجیتال میدیای سپێده
نوێنەری رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبیزیا، داکۆکی لەوە کرد کە نابێت ناتۆ ھاوکاری سەربازیی ئۆکرانیا بکات.
نوێنەری رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڤاسیلی نیبیزیا، لە گوتارێکیدا لە میانی دانیشتنی تایبەتی بەپەلەی ئۆکراینا لە کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ھۆشداری لە بارەی "جێگیرکردنی بوونی ناتۆ لە ئۆکراینا" دایەوە و گوتی : "ئەمە لەلایەن رووسیاوە بە دوژمنایەتی ھەژمار دەکرێت".
نیبیزیا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە رووسیا لە دژی ئۆکراینا دەستیپێکردووە بەپێی ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە رەزامەندی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی رووسی بووە و لەبەر ئەم ھۆیە نابێت ناتۆ ھاوکاری ئۆکراینا بکات.
باڵیۆزەکەی رووسیا، کە پێدانی ھاوکاریی چەک بە ئۆکراینا-ی بە "جێگەی شەرم و ناپێویست" ناوبرد و ئاماژەی بە ناوچەی جوداییخوازیی دۆنباس کرد و گوتی: "داوای گەرەنتیی ئەمنیمان کرد و وەڵامی داواکارییەکانمان نەدرایەوە".
نیبیزیا، جەختی لەوە کردەوە کە ئۆکراینا لەلایەن وڵاتە رۆژئاواییەکانەوە ھاندەدرێت و گوتی: "ئەو دوژمنایەتییەی کە ئێستا ھەیە، لە دژی ئێمە نییە، لە دژی ئۆکراینییەکان، لە دژی دانیشتوانی دۆنباس لە رۆژھەڵاتی ئۆکراینا دەستیپێکراوە".
ڤاسیلی نیبیزیا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە جەنگێکی مێدیایی بۆ لەکەدارکردنی سەربازانی رووسیا لە ئارادایە و "چەندین ملیۆن ھەواڵی درووستکراو" پەخش دەکرێت.