هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمرۆ دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە برێست بەڕێوەدەچێت

ئەمرۆ دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە برێست بەڕێوەدەچێت
ئەمرۆ دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە برێست بەڕێوەدەچێت

2022-03-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ئەمرۆ ٣ی ئادار لە ناوچەی سنووریی برێست-ی بێلاڕووس بەڕێوەدەچێت.

سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری رووسیا له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا، ڤلادیمیر مێدینسکی كه‌ هاوكات راوێژکاری سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتینه‌، لە ناوچەی دارستانی بیلۆڤیژیسکی سەر بە برێست، ئەو شارە سنووریەی بێلاڕووس لەگەڵ ئۆکراینا و پۆڵەندا، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

ڤلادیمیر مێدینسکی ئاماژەی بەوە کرد ھەروەک چۆن لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا رێککەوتوون، گەیشتوونەتە ئەو شوێنەی کە دانوستانەکانی تێدا ئەنجامدەدرێـت و رایگەیاند، ئەوان لە گەڕی پێشووی دانوستانەکاندا ئامادەبوون و پێشنیازی رووسیایان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بە زووترین کات پێشکەش کردووە.

- "گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن لەسەر ژماره‌یه‌ك پێشنیاز"

مێدینسکی ئاماژەی بەوە کرد کە ھەندێک پێشنیاز ھەیە لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئۆکراینا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەریان و گوتی: "بەڵام ھەندێکی دیكه‌یان، ئەوانەی کە سەرەکیترینن ئەو شتانەن کە زۆر چاوەڕوانکراوبوون. لایەنی ئۆکرانیا، بۆ بیرکردنەوە و راوێژکردن لەگەڵ کیێڤ داوای کاتیان کرد".

راشیگەیاند کە شاندی ئۆکرانیا لە کیێڤ دەرچوون و لە ئێستادا لە رێگان و گوتی: "ئێمە پێشتر ھاتین. دیارە، وەکو ئەوەی لەگەڵیاندا رێککەوتین، لێرە كۆبوونه‌وه‌كه‌ بەڕێوەدەچێت".

سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری رووسیا له‌گه‌ڵ رووسیا، ئەوەشی خستەڕوو ئه‌وان لە کێشەی گواستنەوەی لایەنی ئۆکراینی تێده‌گه‌ن و باسی له‌وه‌كرد تەواوی رێکارە ئەمنییەکان لەلایەن ھێزی تایبەتی بێڵاڕووسه‌وە ده‌سته‌به‌ركراوه‌.

جەختی لەوەش کردەوە کە یەکە سەربازییەکانی رووسیا، لە ئۆکراینا رێڕەوێکی ئەمنییان بۆ شاندە ئۆکراینییەکە دابینکردووە و جه‌ختی كرده‌وه‌ کە ئەمرۆ چاوەڕوانی شاندەکە دەکەن.