ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار پەسەند کرد
دیجیتال میدیای سپێده
ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی، محەمەد حەلبوسی بۆ دەنگدان لەسەر دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار دەستی پێ کرد.
لە دانیشتنەکەدا کە ٢٦٥ پەرلەمانتار ئامادەبوون، بڕیاری دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار خرایە دەنگدانەوە و بە دەنگی ٢٠٣ پەرلەمانتار پەسەند کرا لە کاتێکدایە ٦٢ ئەندام بە نەخێر دەنگیان بۆ بڕیارەکە داوە.
پەسەندکردنی بڕیارەکەیش دوای ئەوە دێت رۆژی یەکی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار بۆ جاری دووەم لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە رەت کردەوە، ھەروەھا دادگا بڕیاری ئەوەی دا کە دەتواندرێت دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار بکرێتەوە، بەڵام بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران نەک سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن.