وەزارەتی دارایی راسپێردرا بە بەردەوامیدان بە دابەشکردنی مووچە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەمڕۆ شەممە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەنجومەنەكە ڕایدەگەیەنێت: هەوڵەكانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و حكومەتی هەرێم درێغی ناكات لە هەوڵدانی جدی بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێم ومووچەی مووچەخۆران. هەروەها ئەنجومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، ئامادەكاری پێویست بكات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشكردنی مووچە.
دەقی راگەیەنراوی سەرۆكی حكومەتی هەرێم:
ئەمڕۆ شەممە 5ی ئاداری 2022 سەرپەرشتی كۆبوونەوەیی ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستانمان كرد .
لە كۆبوونەوەكەدا بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ، گفتوگۆ دەربارەی ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی ڕێكخستنەوەی باج و رسومات لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا وپارێزگاكان كرا، ئەم لیژنەیە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی ئابوورییەوە پێكهێنرا بە مەبەستی ڕێكخستنەوەو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕسومات و كرێ خزمەتگوزاریانەی كە دامودەزگاكانی حكومەت كۆیان دەكەنەوە، لە پێناوی ئەوەی جارێكی تر ئەو داهاتانە بخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
پوختەی ڕاپۆرتەكە خرایەڕوو كە چەندین پێشنیاری پێویستی بۆ دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەخۆگرتبوو لە پێناوی ڕێكخستنەوەی ئەو رسومات و كرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن لە هاووڵاتییان، بەجۆرێك ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی وئابووری هاووڵاتی سودمەند لە خزمەتگوزاریی بكرێت، سەرەڕای برەودان بە گەشەكردنی بازرگانی و ئابووری. لە گرنگترین پێشنیارەكانیش كە لە ڕاپۆرتەكدا هاتبوو، پێداچوونەوە بە یاسا وڕێنماییە بەركارەكان و بایەخی برەودان و پێشخستنی سیستمی ئەلكترۆنی تۆماری داهاتەكان و لابردنی ئاستەنگەكانی رووتین وبڵاوكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر داهاتی گشتی ناو ئەو سیستمە ئەلكترۆنیە بۆ ڕای گشتی وخستنەڕووی بوارەكانی خەرجكردنیان بوو.
وێڕای دەستخۆشیكردنمان لە لیژنەكە بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان بە شێوەیەكی پیشەییانە، جەختمان لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیكترۆنی لە كاروبارەكانی حكومەت و بەتایبەتی بۆ تۆماركردنی خەرجی و داهاتەكان كردەوە كە دەبێتە هۆی زیادكردنی شەفافیەت و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی و كەمكردنەوەی رووتین و ئەڵقە زیادەكانی پرۆسەی ڕاییكردنی مامەڵەكانی پەیوەست بە كۆكردنەوەی داهاتی گشتی.
دوای گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیارەكان، ئەنجومەنی ئابووری پێشنیارەكانی پەسەندكرد و بڕیارماندا بە جێبەجێكردنیان لە چوارچێوەی پلانێكی تۆكمە، بە جۆرێك لایەنی بەرپرسیار وپرۆسەی جێبەجێكردن و ماوەی پێویست بۆ هەر پێشنیارێك، دیاری بكرێت.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆمان دەربارەی دۆخی ئابووری و دارایی كرد و جەختمان لە پێویستیی ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتییەكان كرد ، لە هەمانكاتدا هەوڵەكانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و حكومەتی هەرێم درێغی ناكات لە هەوڵدانی جدی بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێم ومووچەی مووچەخۆران. هەروەها ئەنجومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، ئامادەكاری پێویست بكات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشكردنی مووچە.