هەواڵی کوردستان ئێستا

لەساڵیادی ڕاپەریندا ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

لەساڵیادی ڕاپەریندا ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە
لەساڵیادی ڕاپەریندا ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

2022-03-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لەساڵیادی راپەرینە مەزنەكەی بەهاری 1991 ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت مه‌خابن پاش ساڵانێكى زۆر له‌ هه‌وراز ونشێو وشه‌ر وئاشوب ولێكترازانى نێو ماڵى كورد ودروستكردنى ده‌یان برینى نه‌ته‌وه‌یى ونیشتمانى ، به‌ ئێستاشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى نه‌یتوانیه‌وه‌ له‌ ئاستى چاوه‌روانى خه‌ڵكى راپه‌ریوى كوردستان بێت.

دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان:

به‌ناوى خواى گه‌وره‌ میهره‌بان

- جه‌ماوه‌رى خۆڕاگری كوردستان

ئه‌مرۆ ساڵیادى راپه‌رینى مه‌زنى گه‌له‌كه‌مانه‌ کە ئەرکی هەنوکەیی ئەو قۆناغە بوو کە بە فیداکاریی ولێبرانەوە ئەنجامیدا .

راپه‌رین كه‌ ئامانجى سه‌ره‌كى به‌ده‌ستهێنانى ژیانێكى شایسته‌ وسه‌ربه‌رزانه‌ بوو بۆ تاكى كورد و سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان ، بۆ بنیاتنانى كوردستانێكى ئازاد وئارام بوو، بەڵام مه‌خابن پاش ساڵانێكى زۆر له‌ هه‌وراز ونشێو وشه‌ر وئاشوب ولێكترازانى نێو ماڵى كورد ودروستكردنى ده‌یان برینى نه‌ته‌وه‌یى ونیشتمانى ، به‌ ئێستاشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى نه‌یتوانیه‌وه‌ له‌ ئاستى چاوه‌روانى خه‌ڵكى راپه‌ریوى كوردستان بێت ، نه‌یتوانیوه‌ لانیكه‌م بنه‌ماكانى ژیانیكى شایسته‌ فه‌راهه‌م بكه‌ن بۆ هاوڵاتیانى كوردستان كه‌ قوربانیدانیان شایه‌نى ئه‌وه‌یه‌ باشترین ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت.

له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقیشه‌وه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى بتوانین ده‌ست بخه‌ینه‌ سه‌ر برینه‌كان و هه‌ڵه‌كانى رابردوو چاك بكه‌ینه‌وه‌ له‌ شێوازى نوێنه‌رایه‌تى كورد له‌ به‌غدا و یه‌كخستنى هه‌ڵوێست وگوتار وستراتیژى كار ، كه‌چى به‌ ئاراسته‌یه‌كى ته‌واو پێچه‌وانه‌ هه‌نگاو ده‌نرێت ، به‌ شێوازێك كه‌ هیچ دیدگایەكى نیشتمانى به‌دى ناكرێت له‌ هه‌نگاوه‌كانى سیاسه‌ت ونوێنه‌رایه‌تیكردنى كورد له‌ عێراقدا.

دۆخى ناوخۆیى هه‌رێمیش ته‌واو بارگاوى وكاریگه‌ربووه‌ به‌كه‌شی ململانێی سیاسی کە له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، دۆخێك كه‌ بۆتە مایەی بێ ئومێدییه‌كى قوڵى هاوڵاتیان و بارگرانییه‌كى زۆریشى خستۆته‌ سه‌ر شانیان ، جگه‌ له‌ نه‌بوونى دیدگایەكى روون بۆ ئاینده‌ وهه‌نگاونان به‌ره‌و ژیانێكى ئارام وشایسته‌ به‌ هاوڵاتى كوردستان .

ئێمه‌ له‌ساته‌وه‌خه‌تێك یادى راپه‌رین ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ نه‌وه‌كانى دواى راپه‌رین چاوه‌ڕوانیی گه‌وره‌یان هه‌یه‌، هه‌زارانیشیان له‌ بێئومێدیا سه‌رى خۆیان به‌ره‌و هه‌نده‌ران هه‌ڵگرتووه‌ ،

ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین بێئومێدبوونى توێژى گه‌نج ئاماژه‌یەکی مەترسیدارە بۆ كۆمه‌ڵگا و نابێت بێ پلان و به‌رنامه‌ بین له‌ئاست ئه‌م بێئومێدییه‌ى كه‌ خه‌ریكه‌ تارمایى خۆى به‌سه‌ر هه‌موو دۆخه‌كاندا ده‌كێشێت .

ئێمه‌ له‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى کوردستان وێراى پیرۆزبایى له‌ خۆمان و جه‌ماوه‌رى كوردستان به‌م یادە پڕشكۆ ومه‌زنه‌وه‌ ، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ئامانجه‌كانى راپه‌رینى گه‌لى كوردستان ببێته‌ كارى له‌ پێشینه‌ى حكومه‌ت و په‌رله‌مان ودامه‌زاروه‌كانى ترى هه‌رێم و ته‌واوى حزبه‌ سیاسیه‌كان .

ئامانجگه‌لێك كه‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ ژیانێكى سه‌ربه‌ست و ئازاد وگوزه‌رانێكى شایسته‌ به‌ هاوڵاتیان، ژیانێك هاوڵاتیان هه‌ست به‌ ئارامى وئازادی و دادپه‌روه‌رى بكەن و بە هیوایەکی به‌رز و به‌ ئومێدێکی گه‌وره‌وه‌ له‌ ئاینده‌ بڕوانن .

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان .

5/3/2022