سەدر: "ھێشتا کەسانی ھەژار بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە زیانمەندن"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرکردەی رەوتی سەدر: "بەپێی ئەوەی من تێگێشتبم، بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەس نییە، چونکە ھێشتا کەسانی ھەژار بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە، زیانمەندن و پێویستە رێگاچارەیەک بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان بدۆزرێتەوە".
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "بەپێی ئەوەی من تێگێشتبم، بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەس نییە، چونکە ھێشتا کەسانی ھەژار بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە، زیاندمەندن و پێویستە رێگاچارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان بدۆزرێتەوە".
راشیگەیاندووە "کەسانێک ھەن کە گوێ بە ئازار و نەھامەتی ھەژار نادەن و تەنھا دەیانەوێت سامانەکانیان زیاد بکات".
سەرکردەی رەوتی سەدر ژمارەیەک خاڵی وەک پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان خستووەتەڕوو لەوانە، زیادکردنی ماددەکانی بەشە خۆراکی مانگانە و گەیاندنیان بەخێزانی ھەژار، ھەروەھا کاراکردنی رۆڵی ئاسایشی ئابووریی و دیاریکردنی نرخی خۆراک و کەلوپەلەکان، سزادانی ئەو کەسانەی کە پابەندی نرخەکانەوە نابن.
موقتەدا سەدر ھەروەھا پێشنیازی کردەوە کە پاڵپشتی لە جووتیاران و بەرھەمی خۆماڵی بکرێت، هەروەها ماددەکانی بەشە خۆراک لە مانگی رەمەزاندا بۆ ھەژاران زیاد بکرێت و گوتوویەتی "وەک پێشتر رامانگەیاندووە، پێویستە بەپێی سیستەمێکی تایبەت و بەبێ جیاوازی، نەوت بدرێت بە ھاووڵاتییان".
سەرکردەی رەوتی موقتەدا سەدر لە کۆتایی تویتەکەدا رایگەیاندووە "پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی عێراق ھەریەکیان بەپێی دەسەڵاتی خۆی، بەجیددی ھەوڵ بۆ بەدیھێنانی ئەو خاڵانەی کە خستوومەتەڕوو، بدەن".