هەواڵی کوردستان ئێستا

"دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا کرا"

"دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا کرا"

2020-03-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  دوای ئەوەی بڕیار درا لە شارەدێی بەحرکەی نزیک ھەولێر نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بکرێت، سەدان کەس ئامادەییان نیشان دا وەک خۆبەخش تێیدا کار بکەن.

لە شارەدێی بەحرکە سێ نەخۆشخانە تایبەت کراون بە کۆرۆنا و یەکێکیان نەخۆشخانەی پێشمەرگەیە کە ئێستا تووشبووانی ڤایرۆسەکەی تێدایە و نەخۆشنانەی ئیماراتیش ئامادە کراوە و بڕیارە لە یەک دوو ڕۆژی دابێ پێشوازی لە ھەلگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات، ئەمڕۆ دووشەممەش دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی دیکەی ٧٠ قەرەوێلە لە سەنتەری شارەدێی بەحرکە کرا.

کارمەند شێروانی، گەنجێکی بەحرکەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ زانیمان حکوومەت بە ھاوکاریی خەڵکی خێرخواز نەخۆشخانەیەکی دیکەی کۆرۆنا لە بەحرکە دروست دەکات، لەبەر ئەوەش بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرکی ھەموومانە، من و یەکێک لە ھاوکارەکانم بڕیارمان دا بە شێوەی خۆبەش وەک ئەرکێکی ئەخلاقی چیمان لەدەست بێت ھاوکار دەبین و ئامادەین بۆ ھەر ئەرکێک بە ئێمە بدرێت."

ئەحمەد تەلتی، شارەزایی ھەیە لە بواری تاقیگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "من شارەزاییم ھەیە لە تاقیگە و بواری تەندروستی، ئامادەم وەک خۆبەخش لە نەخۆشخانەی کۆرۆنا کار بکەم و ھەموو کاتم تەرخان بکەم بۆ خزمەتی نەخۆشخانەکانمان و خۆم پێشکەشی نیشتمان و میللەتەکەم بکەم."

فکری ماھر، ئەندازیاری شارستانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەک پیشەی ئەندازیاری بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی بەحرکەی تایبەت بە کۆرۆنا و بۆ ھەر نەخۆشخانەیەکی دیکەی ھاوشێوەی من ئامادەم بە ھەموو توانای خۆمەوە ھاوکارییان بکەم و وەک ئەرکێکی نیشتمانی پێکەوە بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبینەوە."

دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نەخۆشخانەی ئیماراتی لە شارەدێی بەحرکە ئامادە کراوە و ھەموو پێداویستیی پزیشکی و ستافی تایبەت بۆ تەرخان کراوە، ئامادەیە بۆ وەرگرتنی تووشبووان، دروستکردن و ئامادەکردنی نەخۆشخانە تەنیا خۆ ئامادەکردنە و ئێستا تەنیا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەند پشکنین بۆ ھاووڵاتیان ئەنجام دەدات و ئەوانەیشی ھەڵگری ڤایرۆسەکەن لە نەخۆشخانەیەکی شارەدێی بەحرکەن."

قائید میرۆ