هەواڵی کوردستان ئێستا

بۆ دووهەم رۆژ شەپۆلێکی خۆڵبارین هەولێری گرتووەتەوە

بۆ دووهەم رۆژ شەپۆلێکی خۆڵبارین هەولێری گرتووەتەوە
بۆ دووهەم رۆژ شەپۆلێکی خۆڵبارین هەولێری گرتووەتەوە

2022-03-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

ماوەی دوو رۆژە خۆڵبارین عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەمھۆیەوەش لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، ٢٠ کەس سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژھەڵاتیان لە شاری ھەولێر کردووە.

بەڕێوەبەری راگەیاندن لە فەرمانگەی تەندروستیی ھەولێر، سامان سەلمان بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند کە ماوەی دوو رۆژە خۆڵبارین عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەمھۆیەوەش ژمارەیەک لەوانەی نەخۆشییەکانی سیی و ھەناسەیان ھەیە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

بەڕێوەبەری راگەیاندن لە فەرمانگەی تەندروستی ھەولێر، سامان سەلمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گوتی: "بەھۆی ئەم خۆڵبارینەوە کە ماوەی دوو رۆژە عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تا ئێستا ٢٠ ھاووڵاتیی سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژھەڵاتیان کردووە کە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و لەوێ چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، ئەو کەسانەش ئەوانە بوون کە ئاستەنگ لە رێڕەوی ھەناسەیان دروست بووە و دوای چارەسەریش رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە".

ھاوکات بەشێک لە ھاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی لەبەرکەوتنی خۆڵبارینەکە، ماسکیان بەستووە و خۆڵبارینەکەش کاریگەری لەسەر جموجۆڵی ھاتوچۆی ھاووڵاتییان لە بازاڕ ھەیە و، پێشووتر لە رۆژانی شەممە و رۆژانی دیکەی پشوودا، ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتییان سەردانی بازاڕیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ رێژەکە بەراورد بە پێشووتر زۆر کەم ببووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، چەندین کەس بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون و لە هەریەک لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەجەف، کەربەلا و کەرکووک سەرجەم یەکەکانییان خستووەتە ئامادەباشییەوە.