پۆتین: ڕووسیا ئۆپەراسیۆنەکە ناوەستێنێت مەگەر ئۆکرانیا شەڕ ڕابگرێت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ڕۆژی یەکشەممە لەگفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەبی تەیب ئەردۆغان بارودۆخی ئۆکرانیا و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بەئۆپراسیۆنی سەربازی ڕوسیای تاوتوێکرد
پوتین بە ئەردۆغانی گوت کە "ڕووسیا ئامادەیە بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئۆکرانیا و هاوبەشە بیانییەکان" کرێملین ئاماژەی بەوە کرد کە "ڕووسیا تەنیا ئەگەر ئۆکراینا شەڕ بوەستێنێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕادەگرێت"
پوتین لە زاری کرملینەوە دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆکرانیا تەنیا ئەگەر داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ بکرێت، دەوەستێت"
کرێملین ئاماژەی بەوەشدا کە پوتین جەختی لەوە کردەوە کە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆکرانیا بەپێی پلان و خشتەی کات بەردەوامە"
پوتین لەبارەی دانوستانەکان لەگەڵ کیێڤ گوتیشی: "هیوادارین دانوستانکارانی ئۆکرانی ڕێگەیەکی ئەرێنی تر بگرنە بەر"
هاوکات سەرۆکایەتی تورکیا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەردۆغان لەکاتی پەیوەندیدا لەگەڵ پوتین جەختی لەسەر گرنگی ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی کردەوە