هەواڵی کوردستان ئێستا

ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان 8/3 په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان 8/3 په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان 8/3 په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

2022-03-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان له‌په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند: ژن وەك هاوسەر و دایك و خوشك و كچ لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا خاوەنی پێگە و پلەیەكی باڵا و كەم وێنەیەو بە دەرگای بەهەشت و جوان مامەڵەكردنی بە نیشانەی باشترین كەسایەتی پیاو ناسێنراوە.

مامۆستا سه‌لاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان 8/3 په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
سڵاو و رێزی شایان به‌ پله‌ و پایه‌ی ئافره‌ت ئاراسته‌ی ئافره‌تانی كوردستان و سه‌رجه‌م ژنانی جیهان ده‌كه‌م .. به‌ تایبه‌تی تر بۆ خوشكانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان سڵاوی سوپاس و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنیان پێشكه‌ش ده‌كه‌م وه‌ك پێشه‌نگی بزافی داكۆكی له‌ مافه‌كان و ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی ئافره‌تانی كوردستان ..
خه‌باتی خوشكانی له‌ بزافی چاكسازی و راستكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و گێڕانی رۆڵی بنیاتنه‌ری شكۆدارانه‌یه‌ و ته‌واوكارێكی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی مرۆڤ سازی و په‌روه‌رده‌ی دروست و پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێ و مسۆگه‌ركردنی ئاسوده‌یی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ ..

ژن وه‌ك هاوسه‌ر و دایك و خوشك و كچ له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا خاوه‌نی پێگه‌ و پله‌یه‌كی باڵا و كه‌م وێنه‌یه‌و به‌ ده‌رگای به‌هه‌شت و جوان مامه‌ڵه‌كردنی به‌ نیشانه‌ی باشترین كه‌سایه‌تی پیاو ناسێنراوه‌. بۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی ژن بناغه‌ی هه‌موو سه‌قامگیری و سه‌ركه‌وتنێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆییه‌ و هه‌رلادان و تێكدانێك له‌م هاوكێشه‌یه‌دا مایه‌ی سه‌رگه‌ردانی و پێشێلكاری و زه‌وتكردنی مافه‌كانه‌ و نیشانه‌ی پاشه‌كشێ و داروخانه‌.
چونكه‌ ئیسلام ده‌یه‌وێ ئافره‌ت رۆڵی خۆی له‌ گشت كایه‌كانی ژیاندا وه‌ك مرۆڤ ببینێ و دژه‌ به‌ سوكایه‌تی و به‌كه‌م سه‌یركردنی ئافره‌ت له‌ ژێر هه‌رناونیشان و به‌هه‌ر پاساوێكه‌وه‌ بێت.

ئێمه‌ له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌ری بایه‌خدان به‌ ئاشتی ئه‌هلی و پاراستنی شكۆی خێزان و حورمه‌تی په‌یمانی هاوسه‌رگیری و به‌رزراگرتنی یه‌كسانی كه‌رامه‌تی مرۆیی پیاو و ژنداین ده‌كۆشین بۆ كاراكردنی رۆڵی به‌شداری بنیاتنه‌رانه‌ی ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا.. بۆیه‌ له‌ جه‌نگداین له‌گه‌ڵ نه‌ریتی توندوتیژی و سوكایه‌تی به‌ پێگه‌ی ئافره‌ت.. هه‌روه‌ك به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌كاڵاكردنی ئافره‌ت ریسوا ده‌كه‌ین و رووبه‌رووی ده‌بینه‌وه‌.

مێژووی ئافره‌تانی كوردستان شایانی هه‌موو رێز و بایه‌خێكه‌و به‌شدارێكی كارای ژیانی پڕ به‌های مرۆیی گه‌له‌كه‌مان بوون و ده‌بێ ئه‌و پێگه‌یه‌ په‌ره‌پێ بده‌ن و هه‌رده‌م پێشه‌نگی بنیاتنان و ره‌وشت و به‌خشنده‌یی بن .