هەواڵی کوردستان ئێستا

باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ كیێڤ ئۆكرانیای جێهێشت

باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ كیێڤ ئۆكرانیای جێهێشت
باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ كیێڤ ئۆكرانیای جێهێشت

2022-03-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ كیێڤ، مێلیندا سیمنز به‌هۆی دۆخی جددیی ئه‌منییه‌وه‌، ئۆكرانیای جێهێشت.

له‌ گوتارێكدا كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، لیز تره‌س له‌ لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگی رووسیا-ئۆكراینا پێشكه‌شی كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد به‌ریتانیا سه‌رجه‌م نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كانی له‌ ئۆكراینا داخستووه‌.

لیز تره‌س رایگه‌یاند: "باڵیۆزه‌كه‌مان (سیمنز) به‌هۆی دۆخی جددیی ئه‌منییه‌وه‌، ئۆكراینای جێهێشتووه‌".

مێلیندا سیمنز به‌ر له‌ هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا، كیێڤی به‌ره‌و لڤیڤ جێهێشتبوو.

- "خۆرئاوای له‌دوای جه‌نگی سارد قیبله‌نمای لێ گۆڕاوه‌"

تره‌س ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شی گرت كه‌ ناتۆ له‌ ماوه‌ی ١٥ ساڵی رابردوودا له‌ڕووی خه‌رجییه‌كانی به‌رگریی و پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌كانه‌وه‌ شتێكی ئه‌وتۆی ئه‌نجامنه‌داوه‌ كه‌ له‌ ئاستی پێویستدا بێت و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ جه‌نگی رووسیا-ئۆكراینا ئه‌وه‌ی نیشانداوه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌ندامانی ناتۆ خه‌رجی زیاتر بۆ به‌رگریی ته‌رخان بكه‌ن و په‌ره‌ به‌ هاریكاریی نێوانیان بده‌ن.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا باسی له‌وه‌ش كرد هێرشی پوتین بۆ سه‌ر ئۆكراینا "ئه‌ندازیاریی ئاسایشی ئه‌ورووپای پارچه‌ پارچه‌ كردووه‌" و جه‌ختی له‌ پێویستی دووباره‌ بیركردنه‌وه‌ی وڵاتان له‌ پابه‌ندیی ئابووریی به‌ وزه‌ی رووسی كرده‌وه‌.

لیز تره‌س تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆرئاوا له‌دوای جه‌نگی سارده‌وه‌ قیبله‌نمای لێ گۆڕاوه‌ و رایگه‌یاند: "خه‌رجییه‌كانی به‌رگریی نه‌هێڵران، بێ ئه‌وه‌ی له‌ پابه‌ندیی ستراتیجیی ژێره‌وه‌ تێبگه‌ین، زۆر چووینه‌ نێو په‌یوه‌ندیی بازرگانیی و ئابوورییه‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌ تایبه‌ت راسته‌ بۆ هایدرۆكاربۆن كه‌ به‌شێكی گرنگی ئابووریی رووسیایه‌، هاوكات راسته‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی ته‌كنه‌لۆجیاش".

- "پێویسته‌ باڵی خۆرهه‌ڵاتی ناتۆ به‌هێزبكه‌ین"

تره‌س باسی له‌وه‌ كرد كه‌ خۆرئاوا له‌رێگه‌ی هاورده‌كردنی نه‌وت و گازی سرووشتیی له‌ رووسیاوه‌ ده‌رفه‌تی دارایی و په‌ره‌پێدانی ته‌كنه‌لۆجیای باڵای جه‌نگی به‌ رووسیا داوه‌ و گوتی:

"ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا پێویسته‌ بیكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتۆ به‌هێز بكه‌ین، به‌تایبه‌ت ناچارین كه‌ باڵی خۆرهه‌ڵاتی ناتۆ به‌هێز بكه‌ین. هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ سه‌ربازی زیاترمان بۆ ئێستۆنیا ره‌وانه‌ كردووه‌. به‌ڵام كاری زۆر ماوه‌ ئه‌نجامی بده‌ین. پێویسته‌ سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجییه‌ به‌رگرییه‌كان له‌ ناتۆدا جددیی بین".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا به‌ پێویستی زانی بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتان پابه‌ندییه‌كانیان به‌ سه‌رچاوه‌كانی رووسیاوه‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوشێوه‌ی هیندستان كاربكه‌ن.