بەرمیلێک خاوی برێنت 131 دۆلاری تێپەڕاند
دوا بەدوای دروستبوونی نیگەرانییەکان لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و سزاکانی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆسەر رووسیا لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ١٣١ دۆلار و ١٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت، بەرزبووەوە بۆ ١٣٣ دۆلار و ١٥ سەنت رۆژەکەی بە ١٢٧ دۆلار و ٩٨ سەنت تەواو کرد.
ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٥٧ــەوە، بە بەراوورد بە نرخی داخستنی لە دوێنێدا، بەڕێژەی ٢،٤٥ بەرزبووەتەوە و بە ١٣١ دۆلار و ١٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە ١٢٦ دۆلار و ١٦ سەنت فرۆشرا.
هاوکات دوێنی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ھاوردەکردنی ھەموو جۆرە وزەیەک، نەوت و گازی لە رووسیاوە قەدەغە کرد.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە هاتووە ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی ئابووری رووسیادا سەپاندووە، لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا پاڵپشتی دارایی ئەو کۆمپانیا وەبەرهێنەرە بیانییانە دەوەستێنێت کە لە رووسیا کاری وەبەرهێنانی وزە دەکەن.
وەزیری بازرگانی و وزەی بەریتانیا، کواستی کوارتنگ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، وڵاتەکەی تا کۆتایی ساڵی٢٠٢٢ هاوردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا رادەگرێت.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد بەریتانیا تا کۆتایی ئەمساڵ دەستبەرداری پشتبەستن بە نەوتی رووسیا دەبێت و لە پلانیاندایە پاکێجی سزا ئابوورییەکانی سەر رووسیا فراوانتر بکات.
حکوومەتی ژاپۆن-یش لە چوارچێوەی بەرفراوانکردنی پاکێجی سزاکانیدا هاوکاریکردنی رووسیای لە کەرتی نەوت و وزە وەستاند.
دوێنێ کۆمپانیای شێڵ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە چەند هەنگاوێک لە وبەرهێنانی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و گازی سروشتیی رووسیا دەکشێتەوە.
- رەنگە وڵاتان رووبەڕووی گەورەترین کێشەی دابینکردنی نەوت ببننەوە
له راپۆرتی دامهزراوهی سهربهخۆی توێژینهوهی وزهی "Rystad Energy" كه ناوهندهكهی له نەرویجه، باس لهوه كراوه بڕیاری قەدەغەکردنی هاوەردەکردنی نەوتی رووسیا لەلایەن ئەمریکا، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بازرگانیی نەوت دەبێت لە بازاڕەکانی جیهان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆ بینیووە، بە پێچەوانەی ساڵی ٢٠٢٠ کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاوە نرخەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی بوو.
رووسیا کە رۆژانە نزیکەی ٤،٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤییەتیشدا لە کازاخستان رۆژانە ١،٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەکرد. ساڵی رابردوو ئەمریکا رۆژانە تەنها ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لەلایەن رووسیاوە بۆ هاوردە کرابوو، بەریتانیاش کەمتر لە نیوەی ئەو رێژەیەی بۆ هاوردە کرابوو. رۆژانە نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن رووسیاوە بۆ پاڵاوگەکانی ئەمریکا هاوردە دەکرا. بە گوێرەی سزاکان پێوستە لەمەودوا ئەمریکا بۆ پاڵاوگەکانی کەرەسەی خاو لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە بکات.
بەگوێرەی ئەو دامەزراوەیە لەئێستادا، رێژەی دەرهێنانی نەوتی گرووپی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس چوار ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەڵام چاوەڕێ ناکرێت رێژەی بەرهەمهێنان زیاد بکرێت. ئەگەر بێت و رێژەی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپێک پڵەس زیاد نەکرێت، ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتان رووبەڕووی گەورەترین کێشەی دابینکردنی نەوت ببنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لەنێوان ١٣١،٩٦ بۆ ١٣٤،٥٨ دۆلاردا هەڵکشان و داکشان بەخۆیەوە ببینێت.