حكومەتی توركیا یەكەم هەڵوێستی خۆی لەسەر كڕینی غازی هەرێم راگەیاند
دیجیتاڵ میدی سپێده
حكومەتی توركیا جارێكی تر خواستی خۆی بۆ هاوردەكردنی غازی سرووشتیی هەرێمی كوردستان دووپاتكردۆتەوە، بۆئەومەبەستەش دەیەوێت لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەیەكتێگەیشتن درووست بكات.
یاسین ئاكتای راوێژكاری رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لەلێدوانێكدا رایگەیاندووە كە ئەنكەرە سوورە لەسەر ئەوەی لە بابەتی هاوردەكردنی غازی هەرێمی كوردستاندا، هەماهەنگیی لەگەڵ بەغدادا درووست بكات و لەسەر ئەو بابەتە دانوستان ئەنجام بدەن.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" ئەو بەرپرسە توركییە رایگەیاندووە كە توركیا چاوی لەوەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا بەهێز بكات، نەوەك لەڕێگای چارەسەركردنی پرسی غازەوە كێشەیەكی دیكە لەگەڵ عێراقدا درووست بكاتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە لە پرسی هاوردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەگەڵ حكومەتی عێراق هەماهەنگیی درووست بكات و دانوستان ئەنجام بدەن.
رۆژنامە عەرەبییەكە لەسەر زاری بەرپرسێكی سەر بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە گواستبوویەوە كە هەوڵێك هەیە بۆئەوەی پڕۆژەی هەناردەكردنی غازی سرووشتیی كێڵگەكانی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ و خورمەڵە لە هەولێر زیندوو بكرێتەوە.
باسی لەوەشكردبوو كە توركەكان چەند هەفتەیەكە گرنگییەكی گەورە بەو بابەتە دەدەن، هەرچەندە لەسەر ئاستی عێراقدا چەندین ئاستەنگی تەكنیكی و یاسایی ڕووبەرووی پڕۆژەكە دەبێتەوە.