ئۆکراینا: "ئەگەری هەیە بێلاڕووس بچێتە پاڵ رووسیا"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەگەری هەیە یەکە سەربازییەکانی بێلاڕووس بەشداری جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکراینا بکەن و بچنە پاڵ سوپای رووسیاوە.
لەوبارەیەوە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دوایین پێشهاتەکانی جەنگ خراوەتەڕوو.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە رووسیا هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکانی ماریوپۆل و سێڤەرۆدۆنێتسک دەدات و لە ئێستاشدا، دەستیان گرتووە بەسەر رۆژهەڵاتی شاری ماریوپۆل-دا.
ئاماژە بەوەش دراوە کە لە بێلاڕووس لە سنووری ئۆکراینادا، رێوشوێنی سەربازیی گرنگی گرتووەتەبەر و تا ئێستاش ئەگەری ئەوە هەیە کە یەکە سەربازییەکانی بێلاڕووس، بچنە پاڵ هێزەکانی سوپای رووسیاوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هێرشێکی سوپای رووسیا بە ئاراستەی ناوچەی سلۆبۆجانسکی-دا شکستی هێناوە و سوپای رووسیا، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە زۆرەی بەریکەوتووە، درێژە بە پێکدادانەکان دەدات.