ئەمینداری گشتی و سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆبونەوە
دیجیتال میدیای سپێده
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە 13-3-2022، مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەئامادەبونی مصطفی عبدالله و ناسك تۆفیق ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێشوازیانكرد لە شاسوار عبدالواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و شاندی یاوەری.
لەدیدارێكدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناهەمواری هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو گرفتە كەڵەكەبووەكانی سەرشانی هاوڵاتیان كرا كە دەسەڵات دروستی كردوە بۆ هاوڵاتیان و هەردولا هاوڕابون كە دژایەتی گەندەڵی و پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازی پێویستی بەهەمووانەو پشتگیری داوای ڕەوای فەرمانبەران و هاوڵاتیان دەكەن.
لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا هەردولا پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی دیاری كراوی خۆیدا دەكەن و جەختیشیان كردەوە كە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەئیدارەدانی هەرێم شكستیهێناوە و ناتوانێت ئەركە حكومڕانی و خزمەتگوزارییەكان جێبەجێ بكات.