هەواڵی کوردستان ئێستا

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پێویستە ئێران لەسه‌ر په‌لاماردانی هەولێر سزابدرێت

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پێویستە ئێران لەسه‌ر په‌لاماردانی هەولێر سزابدرێت
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پێویستە ئێران لەسه‌ر په‌لاماردانی هەولێر سزابدرێت

2022-03-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیو تولەر ئیدانەی ھێرشە مووشەکییەکەی بەره‌بەیانی ئەمڕۆی بۆ سەر ھەولێر کرد و به‌ پێویستی زانی ئەنجامدەرانی سزا بدرێن.

ماتیو تولەر لەبارەی ھێرشەکەی سەر شاری ھەولێر په‌یامێكی بڵاوکردەوە و تێدا رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیدانەی ئەو ھێرشە تاوانکارییە دەکات کە بۆ سەر ئامانجی مەدەنی لە ھەولێر ئەنجامدرا. رژێمی ئێران بەرپرسیارێتیی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە".

تولەر راشیگەیاندووه‌ کە "دەبێت ئێران سزای ئەو پێشێلکارییە روونە کە کردوویه‌تییە سەر سەروەریی عێراق و ئەنجامدانی ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ماڵی خەڵکی بێتاوانی سڤیل، وەربگرێت".

ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر

بەپێی راگەیه‌ندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ ئاراستەی شاری ھەولێر کراون کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووه‌تەوە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئاژانسە هه‌واڵییه‌كانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرتووه‌ و رایگەیاندووه‌ کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.

لەوبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک له‌ کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە".

ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانەیه‌، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە:

"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".

ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.