هەواڵی کوردستان ئێستا

جیھانی عەرەبی سەرکۆنەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێری کرد

جیھانی عەرەبی سەرکۆنەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێری کرد
جیھانی عەرەبی سەرکۆنەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێری کرد

2022-03-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


ئوردن، میسر، ئەنجوومەنی ھاریکاریی وڵاتانی کەنداو و پەرلەمانی عەرەبی سەرکۆنەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر-یان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە:

"سەرکۆنەی ئەوە ھێرشە مووشەکییەی سەر ھەولێر دەکەین کە سەروەریی خاکی عێراقی برامانی پێشێلکردووە. ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، کۆڵکەی سەرەکیی ئاسایشی ناوچەکەیە".


سەفەدی ، لە بڵاوکراوەکەی ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئەنجامداوە و پێی راگەیاندووە "لە ھەماھەنگیی تەواودان لەگەڵ عێراق لە دژی ھەر ھەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەخاتە مەترسییەوە".


- میسر
وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ھێرشەکەی سەر شاری ھەولێر-ی کردووە.


لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەروەی میسر-دا ھاتووە:

"میسر، ئەم پەلامارە ناپاکە سەرکۆنە دەکات و پاڵپشتیی تەواوی بۆ عێراق-ی برا دووپات دەکاتەوە. میسر، پاڵپشتیی سەرجەم ئەو رێکارانە دەکات عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی خۆی دەیگرێتەبەر".


- ئەنجوومەنی ھاریکاریی وڵاتانی کەنداو
سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاریی وڵاتانی کەنداو، نایف ئەلحەجرەف لە راگەیندراوێکدا لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتی ئەنجوومەنەکە بڵاوکراوەتەوە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر-ی سەرکۆنە کردووە و پاڵپشتیی خۆی بۆ عێراق راگەیاندووە.


حەجرەف، ئەوەشی راگەیاندووە کە ئەنجوومەنی ھاریکاریی وڵاتانی کەنداو لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرپاکردنی ئاسایش و سەقامگیریی خاکەکەی لەگەڵ عێراق لە ھەماھەنگیدان.


- پەرلەمانی عەرەبی
لەو راگەیەندراوەی کە لە پەرلەمانی عەرەبییەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرکۆنەی ئەو ھێرشە ترسنۆکەی کە بە ١٢ مووشەکی بالیستییەوە کراوەتە سەر شاری ھەولێر کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا، داوای لە سەرجەم لایەنەکانی عێراق کردووە ھەڵوێستێکی نیشتمانی لە دژ ئەم ھێرشە نیشانبدەن و یەکگرتووبن.

 

ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر

بەپێی راگەیه‌ندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ ئاراستەی شاری ھەولێر کراون کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووه‌تەوە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئاژانسە هه‌واڵییه‌كانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرتووه‌ و رایگەیاندووه‌ کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.

لەوبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک له‌ کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە".

ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانەیه‌، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە:

"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".

ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.