مستەفا کازمی له رێگهی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگهڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆی کرد
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئانتۆنی بڵینکن پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ عێراق دووپاتکردووەتەوە بەتایبەتیش لە رووی ئاسایش و سەرەوەرییەوە.
راشیگەیاندراوەکە ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مستەفا کازمی سوپاسی ھەڵوێستەکانی ئەمریکای کردووە بۆ پاڵپشتییکردنی لە عێراق و جەختیی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوامن لە ھەنگاوەکانیان بۆ بەھێزکردنی سەروەریی عێراق دژبە ھەر دەستدرێژییەک کە ببێتە مایەی زیان گەیاندن بە وڵات و ھاووڵاتییان.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە رێگا نادەن عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی حیساباتە دەرەکییەکان و عێراق ھەوڵدەدات رۆڵی کارای خۆی لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی پتەوتر بکات.
ئاماژە بەوەیشداوە کە لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، لەبارەی پێشھاتەکانی رەوشی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی گفتوگۆکراوە و لەوبارەیەوە ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی ململانێیەکان و بەدیھێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە و جیھان ئاڵوگۆڕ کردووە.
دوێنێ یەکشەممە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە کە لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ھێرشە تیرۆریستییەکەی سەر ھەولێری سەرکۆنە کردووە.
ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر
بەپێی راگەیاندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ئاژانسە ھەواڵنێرییەکانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
لەمبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەوەنەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە".
ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە: "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێڕش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".
ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.